سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕەتیکردەوە ڕێ بە هیچ ڕێكخراوێك بدەن، خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربێنن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد.
لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و تورکیا و چۆنێتی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکان کرا، بە تایبەتیش بەهێزکردنی هاوبەشیی ئابووری و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
سوودانی ڕایگەیاند، ئاسایش و سەقامگیریی کاری لەپێشینەی حکومەتی عێراقە و ڕێ بە هیچ لایەن و ڕێکخراوێك نادەن لە ژێر هیچ ناوێکدا ئاسایش تێکبدات یاخود خاکی عێراق بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسی بەکاربهێنیت.
وتیشی: “ئەو هەڵوێستە پرنسیپێکی جێگیرە هەر وەك لە دەستووردا هاتووە” و جەختیشی لە هەماهەنگی زیاتری نێوان عێراق و تورکیا کردەوە لە ڕێی لیژنە ئەمنییە هاوبەشەکان و خۆبەدوورگرتن لە هەر ڕەفتارێکی تاکلایەنە.
برەودان بە پەیوەنددیە ئابووری و بازرگانییەکان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی تورکیا بوو بە تایبەتیش پرسی “ڕێگای گەشەپێدان” کە سوودانی بە یەکێك لە گرنگترین ڕێڕەوە ئابوورییەکانی ناوچەکە و جیهان وەسفیکرد.
بڕیارە ڕێگای گەشەپێدان کە لە کەنداوی عەرەبییەوە بەرەو تورکیا درێژدەبێتەوە، ئاسیا و ئەوروپا بەیەکەوە ببەستێتەوە.