حکومەتی عێراق خۆی بۆ وەشاندنی گورزێکی نوێ لەو کەسانە ئامادە دەکات کە لە دۆسیەی گەندەڵییەوە تێوەگلاون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەبهان مەلا جیاد ڕاوێژکاری سیاسی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەیەك گەندەڵکاری گەورە دەستگیردەکرێن.
ڕوونیشیکردەوە کە لێدان لە گەندەڵکارە گەورەکان سووربوونی محەمەد شیاع سوودانی لەسەر جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت پتەوتر دەکات.
ڕۆژنامەکەش بڵاویکردەوە، گەندەڵی بووەتە گرنگترین مەترسی کە هەڕەشە لە قەوارەی دەوڵەتی عێراق دەکات، بۆیە حکومەتی خۆی بۆ وەشاندنی گورزێکی گورچکبڕ لە گەندەڵکاران ئاامدە دەکات.
لای خۆشیەوە سەعید یاسین، شارەزای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە “سەباح”ی راگەیاند، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە دوو ڕێگە ئەنجام دەدرێت، یەکەمیان گرتنەبەری ڕێکاری خۆپارێزی و دووەمیشیان گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانە.
وتیشی: ئێستا هەماهەنگییەکی بەهێز هەیە لە نێوان حکومەت و دەستەی دەستپاکی و دەسەڵاتی دادوەریدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.