داھاتی فرۆشی نەوتی عێراق لە میانی ١١ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، ١٠٧ ملیار و ٨٧٧ ملیۆن و ٧٨٦ ھەزار و ٣٣٦ دۆلار بووە، ئەمەیش بەراورد بە ١١ مانگی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، بەڕێژەی ٥٧ لەسەدا زیادی كردووە.
میدیاكانی عێراق پشت بەستن بە ئامارێكی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (SOMO) بڵاویان كردووەتەوە كە داھاتی فرۆشی نەوتی عێراق لە میانی ١١ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، گەیشتووەتەوە ١٠٧ ملیار و ٨٧٧ ملیۆن و ٧٨٦ ھەزار و ٣٣٦ دۆلار كە تێكڕای داھاتی مانگانە، نۆ ملیار و ٨٠٧ ملیۆن و ٧١ ھەزار و ٤٥٨ دۆلار بووە.
ئەوەیش خراوەتەڕوو، داھاتی فرۆشی نەوتی عێراق لە میانی ١١ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، بەراورد بە ١١ مانگی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، بەڕێژەی ٥٧ لەسەدا زیادی كردووە، بەو پێیەی تێكڕای داھاتی ١١ مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو، ٦٨ ملیار و ٢٥٨ ملیۆن و ٨٦١ ھەزار و ٤٨٥ دۆلار بوو.
باس لەوەش كراو، تێكڕای داھاتی مانگانەی فرۆشی نەوت لە ١١ مانگی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا، شەش ملیار و ٢٠٥ ملیۆن و ٣٥١ ھەزار و ٤٤ دۆلار بوو.
كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (SOMO) ئاماژەی بەوەیشداوە كە زۆرترین داھاتی فرۆشی نەوت لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بەدەستهاتووە كە داھاتەكەی ١١ ملیار دۆلار و ٤٧٧ ملیۆن و ٥١٤ ھەزار و چوار دۆلار بووە، كەمترین داھاتی فرۆشی نەوت لە مانگی تشرینی دووەمدا بەدەستھاتووە كە ھەشت ملیار و ٣٢٢ ملیۆن و ٦٧٩ ھەزار و ٥٢٦ دۆلار بووە.