ئەندامێكی لیژنەی باڵای پێوەری زیرەك، لە بارەی گرانبوونی پارەی کارەبا روونکردنەوە دەدات و دەڵێت: لە گەڕەكە ئاساییەكان كارەبا هەر بە نرخی ئێستا دەبێت و تەنیا شێوازی پارەدانەكەی پێشوەختە دەبێت.
عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی باڵای پێوەری زیرەك، رایگەیاندووە، بەهۆی سیستەمی پریپەیدەوە، ٣٢٠ مۆلیدە كوژاونەتەوە و كارەبای ٥٥ هەزار بەشداربووش كراوەتە پریپەید، كە ٤٠ هەزار هاوبەشی سیتییەكانن و ١٠ هەزاریش هاوبەشی بازرگانین.
سەبارەت بە گرانبوونی پارەی کارەبا دەشڵێت:” بەرزەنرخ تایبەتە بە چەند پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان، كە كارەباكەیان بە نرخێكی تایبەتی خۆیان بەردەوام دەبێت، بەڵام لە گەڕەكە ئاساییەكان هەر بە نرخی ئێستا دەبێت و تەنیا شێوازی پارەدانەكەی پێشوەختە دەبێت”.
سەبارەت بە لایەنە باشەکانی سیستمی پریپەید وتیشی:” لە ١٩ ستیی هەولێر، بەكارهێنانی كارەبا لە ٣٤ مێگاواتەوە بۆ ٢٧ مێگاوات دابەزاندووە، هاوكات بەهۆی ئەو سیستمەش، نرخی كارەبا لە نێوان لەسەدا ٣٠ بۆ لەسەدا ٤٠ لەسەر هاووڵاتییان هەرزانتر دەكەوێت”.