سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، تەوژمێك بەنیازە نائومێدی بڵاو بكاتەوە و هەستی نیشتیمانپەروەری لەناو كۆمەڵگە نەهێڵێت و باسی لەوەشکرد کە و نیەتی لاوازكردنی هەرێم و برسیكردنی خەڵكی كوردستان لەناو بەشێك لە دەسەڵاتدارانی عێراق پەیدا بووە.
لەدرێژەی سەردانەكەیدا بۆ دەڤەری بادینان ئەمڕۆ سێشەممە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان للەگەڵ مامۆستایانی زانكۆ و پەروەردە و ئاكادیمیەكانی سنووری دەڤەری بادینان كۆبۆوە.
مەسعود بارزانی لە وتەیەکیدا باسی لە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان کرد و جەختی لەوە كردەوە كە هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات بۆ فەراهەمبوونی زەمینە بۆ یەكبوون و یەكدەنگیی نێوان لایەنەكان.
ئەوەشی باس كرد كە جیاوازیی بیروڕا بابەتێكی سروشتیە، بەڵام پێویست دەكات لەسەر ئامانجە ستراتیژی و نیشتیمانییەكان لەنێوان لایەنەكان هاوڕاییەكی تەواو هەبێت.
سەرۆكی پارتی، ئاماژەی بەمێژووی دەوڵەتی عێراق دا كە لەسەر بنەمای شەراكەتی كورد و عەرەب دامەزرا و وتی: “ئەو شەراكەتە پشتگوێخرا و بەشی كوردستان جینۆساید و هەوڵی لەناوبردنی میللەتەكەمان بوو و لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو ئەو دەرفەتە هاتە پێش كە عێراق لەسەر بنەماكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق و بەپشتبەستن بە دەستوور ژیانێكی تازە دەست پێ بكات، بەڵام دیسانەوە پشت لەو بنەمایانە و دەستوور كرا و نیەتی لاوازكردنی هەرێم و برسیكردنی خەڵكی كوردستان لەناو بەشێك لە دەستەڵاتدارانی عێراقی پەیدا بوو”.
لەدرێژەی قسەكانیدا مەسعود بارزانی باسی لەوە کرد کە “تەوژمێك بەنیازە نائومێدی بڵاو بكاتەوە و هەستی نیشتیمانپەروەری و بەهاكان لەناو كۆمەڵگە نەهێڵێت” و داوای كرد كە مامۆستاكان “ڕووبەڕووی ئەو تەوژمە ببنەوە و كار بۆ قووڵكردنەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری و پێكەوەژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی بكەن”.