شەڕی ئۆكراین و ڕووسیا چووە قۆناغێكی دیكەی مەترسیدارەوە، دوای زنجیرە هێرشەكانی ئۆكراین لە ڕێگای درۆنی خۆكوژەوە بۆ سەر چەند ناوچەیەكی خاكی ڕووسیا لە نزیك سنوورەكانی ئۆكراین.
ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی ڕووسیا لەگەڵ گەورە كاربەدەستانی ئاسایشی نێوخۆی وڵاتەكەی تاووتوێی هێرشەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئۆكراین دەكات كە بە مەترسیی بۆ سەر ڕووسیا دادەنرێن.
بە ڕای شارەزایان ئەم هێرشانەی ئۆكراین پەرەسەندنێكی مەترسیدارە لەكاتێكی هەستیاردا.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، واشنتن هاوكاری ئۆكراین ناكات بۆ هێرش لەنێو خاكی ڕووسیادا، تەنها هاوكاری دەكات بەرگری لە خاكی خۆی بكات.
شارەزایەكی ئۆكراینی دەڵێت “هێرشەكانی ئۆكراین بۆ سەر ڕووسیا ڕەوان، چەند پەیامێكیان لە پشتە، وەك بەتوانای سوپای ئۆكراین بەردەوام زیاد دەكات بەجۆرێك توانای كردنەئامانجی لەناوخاكی ڕووسیادا هەیە و وەڵامی هێرشە وێرانكارییەكانی ڕووسیان بۆ سەر خاكی ئۆكراین”.
دیمیتری بیسكۆڤ وتەبێژی كرێملن ڕایگەیاند هێرشەكانی ئۆكراین مەترسیدارن.