دوای لێدوانەکەی سەرۆکی تورکیا سەبارەت بەوەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەی کاتییە، نرخی لیرە زیاتر دابەزی.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەیدا کاتییە و حکومەتەکەی دەربارەی گرتنەبەری هەندێك ڕێکار بۆ کەمکردنەوەی خەرجی گوزەرانی هاووڵاتییان گفتوگۆ دەکات.
لێدوانەکەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە کە مانگی تەموزی ڕابردوو ڕێژەی هەڵاوسان لە تورکیا گەیشتە 47.8٪ و پێشبینیش دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 60٪، هۆکارەکەشی بۆ زیادکردنی باج و دابەزینی بەهای لیرە دەگەڕێتەوە.
سەرباری لێدوانەکەی ئەردۆغان بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ، بەڵام دابەزینی بەهای دراوی ئەو وڵاتە بەردەوامە و ئەمڕۆش 100 دۆلار بە دوو هەزار و 720 لیرەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.