كاربەدەستێكی ئیدارەی ئەمریكا بە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ڕاگەیاندووە، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆ دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆنەكانیان لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ڕۆژئاوای كوردستان بەشێوەیەكی زۆر بەرفراوان.
ئەو كاربەدەستە ڕایگەیاندووە، چاوەڕێ دەكرێت ئەم هەنگاوەی ئەمریكا پەرەسەندنی نوێ لەگەڵ توركیادا دروست بكات.
سێ كاربەدەستی دەوڵەتی ئەمریكا كە نەیانویستووە ناوەكەیان بڵاوبكرێتەوە، بە ڕۆژنامە ئەمریكاییەكەیان ڕاگەیاندووە، پێیانوایە كە ئەنقەرە بە هێرشی زەمینی وەڵامی جموجۆڵەكانی ئەمریكا و هەسەدە بداتەوە.
ئەو پێشهاتانە لە حاڵێكدایە ئەم جارە ئەمریكا زۆر بە توندی دژی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا وەستاوەتەوە و توركیای ناچاركرد ئەو هێرشە زەمینییەی پلانی بۆ دانابوو ڕابگرێت.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا زانیاری بڵاوكرایەوە كە توركیا هۆشداری داوە بە ڕووسیا و ئەمریكا هێزەكانیان لە چەند ناوچەیەكی ڕۆژئاوا بكشێننەوە، بەڵام ئەمریكا و ڕووسیا بە توندی ئەو داوایەیان ڕەتكردووەتەوە.