هەردوو وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق و هەرێم “بەوەكالەت” كۆبوونەوە و بڕیاریاندا بە كاراكردنی ڕێككەوتنی نێوانیان بۆ هاریکاری لە بوارە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاهێنانی پیشەیی.
ئەمڕۆ یەک شەممە، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری کار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم بە وەکالەت كۆبووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی كاری عێراق، “ئەحمەد ئەسەدی ئاوات شێخ جەناب كۆبۆتەوە و گفتوگۆیان لەسەر کاراکردنی ئەو ڕێککەوتنە کردووە، کە لە نێوان وەزارەتی فیدڕاڵ و هەرێم ئەنجامدراوە بۆ هاریکاری لە بوارە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاهێنانی پیشەیی”.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، ئەسەدی باسی لە چالاککردنی بواری ڕێکخستنی کرێکارانی بیانی تاراوگە بۆ ناو وڵات و یەکلاکردنەوەی باری یاساییان کرد، هەروەها ڕەزامەندی لەسەر هاوکاریکردن لە بواری تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی دا.
ئاشكراشی كردووە، بڕیار دراوە بە ئاڵوگۆڕی ئەزموون بۆ توێژەرانی کۆمەڵایەتی و گواستنەوەی ئەزموونی دەسەڵاتی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە بواری پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ هەرێمی كوردستان.