سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە یەكێتی بەهەموو شێوەیەك پشتگیریی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەكات و دەشڵێت: “دەبێت یەكخستنەوەی پێشمەرگە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و دوور لە بەرژەوەندی تایبەت بێت”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویكەوت بە جەنەراڵ ماتیۆ مەکفارلان، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا، کە بەهۆی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی دیدارەكەیان ئەنجامدا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی ڕۆڵی جەنەراڵ ماتیۆ مەکفارلانی كرد، كە لەماوەی كاركردنیدا هاوكار و هەماهەنگ بووە لە كردە سەربازییەكان دژی داعش و هاریكارییە سەربازییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی، “لەو دیدارەدا دۆخی ئەمنی و چاكسازییەكانی ناو هێزی پێشمەرگە گفتوگۆی لەبارەوەكرا” و بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، یەكێتی بەهەموو شێوەیەك پشتگیریی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەكات و دەیەوێت هێزێكی نیشتمانیی تۆكمە بۆ پاراستنی كوردستان بونیاد بنرێت، بەڵام بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و دوور لە بەرژەوەندی تایبەت.
وتیشی، “هاریكاری و كاری هاوبەشی نێوان هێزە ئەمنییەكان فاكتەرێكی گرنگی پاراستنی سەقامگیرییە لە ناوچەكە و ئێمەش لەوپێناوەدا هەوڵ دەدەین”.