شوێنەوارێكی گرنگ لە گردی یاسین تەپە لە ناحیەی تانجەرۆی سلێمانی دۆزرایەوە، كە مێژووەكەی بۆ زیاتر لە 2500 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و لە ئێستادا لەلایەن تیمێكی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی و زانكۆی چوبۆی ژاپۆنی كاری تێدا دەكرێت.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، لە ماوەی هەفتەیەك كاركردنی تیمەكەدا، بەرهەمی زۆر باشی هەبووە و شتی دەگمەن و گرنگی تێدا دۆزراوەتەوە، كە لە عێراق و كوردستاندا تەنها لێرە هەیە.
ڕاشیگەیاندووە، بەپێی چینە زانستییەكان، لە سەردەمی چاخی بەردینی نوێوە دەستپێدەكات تا سەردەمی ئیسلامی، هەروەها ئەم تیمە تایبەتە لە چینی سەردەمی ئاشووری كاردەكەن و پاشماوەی خانوو و كۆڵان و شوێنی ناشتن دۆزراونەتەوە لەگەڵ پارچەی شوێنەواریی دەگمەن و ناوازە.
دەشڵێت: “ئەم زەوییە، بەشێوەیەكی زۆر سەرنجڕاكێش و ناوازە بە بەرد چنراوە، دەتوانین بڵێین بەشێوەیەكی ئەندازەیی كراوە و جێی تێڕامان و سەرنجلێدانە”.