جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هۆشداری بە بەرپرسانی حكومەتی عێراق دەدات لە دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ شاندی هەرێم دەچێتە بەغدا و وادەی ناردنی مووچەی فهرمانبهرانی هەرێم دیاری دەكرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ كەناڵی (ڕووداو) ڕایگەیاند، سبەینێ شاندێكی هەرێم دەچێتە بەغدا و بابەتی ناردنی بودجە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵ یەكلایی دەكاتەوە و دواتریش کاتی ناردنی مووچە ڕادەگەیەنرێت.
دەشڵێت: “لەمەودوا فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ فەرمانبەرانی عێراق مووچە وەردەگرن”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتی دارایی عێراق داوایکردوە سەرجەم وەزارەتەکان لیستی مووچەکانیان ئامادەبکەن و دەبێت لەگەڵ ئەوەشدا مووچەی هەرێم بدرێت، دەبێت ئیدی کاتی ناردنی پارە ڕابگەیەنرێت و دوانەکەوێت و ئێمەش چیدی قبوڵی ناکەین.
جەختیشی كردەوە، دەبێت ئیتر یاسای بودجە بەتەواوی و بێ کەموکوڕی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و پشکی هەرێم لەبودجە بدرێت.
سبەینێ 20 ڕۆژ بەسەر مانگی 8دا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی 7ی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشنەکراوە و هیچ وادەیەکیش بە فەرمی بۆ دابەشکردنی ڕانەگەیەنراوە و وەزارەتی دارایی هەرێمیش دەڵێت: چاوەڕێی هاتنی پارە لە بەغداوە دەكەن، چونكە هەرێم سەرجەم پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە.