بەراورد بە مانگی ڕابردوو، نرخی مریشکی زیندوو بەرزبووەتەوە. نرخی کیلۆیەک مریشک لە هەولێر ٣سێ هەزار و ٢٠٠ دینارە و لە سلێمانیش نزیکەی سێ هەزار دینارە.
فرۆشیارەکانی پەلەوەر هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی مریشک بۆ زۆر لایەن دەگەڕێننەوە لەوانەش،”بڵابوونەوەی نەخۆشی و هەبوونی خواستێکی زۆر و دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی مریشکن.”
ئاماژە بەوەشدەکەن، بڕێکی زۆر جوجک بەهۆی نەخۆشییەوە لەنێو چوون و بەوهۆیەوە بەرهەم کەم بووە و خواست زیادی کردووە ئەوەش بووە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی مریشک.
ئەوەش لەکاتێکدایە نرخی ئێمە کیلۆیەک مریشک لە شاری سلێمانی بە دوو هەزار و ٩٥٠ دینارە، فرۆشیارانی مریشک باس لەوەدەکەن نرخ بە گوێرەی کێڵگەکانی پەلەوەرە و شوێنێک بەراورد بە شوێنێکی دیکە جیاوازییان هەیە لە نرخدا.
هاوکات، مانگی ڕابردوو نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە شاری هەولێر دوو هەزار و ٣٠٠ دینار بوو، لە سلێمانی دوو هەزار و ٤٠٠ دینار بوو.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە ١٠٥ ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن و دەخرێنە بازاڕەوە کە دەکاتە نزیکەی ٢٥٠ هەزار تۆن گۆشتی سپی، لە کاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان ١٤٦ هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان هەزار و ٨٤٠ کێڵگەی پەلەوەری هەیە، بەڵام هەموویان بەرهەمی هەمیشەییان نییە، کێڵگەکان بەمشێوەیەی خوارەوە دابەشبوون:
– هەولێر؛ ٥٧٦ کێڵگەی پەلەوەری
– سلێمانی؛ ٧٢٧ کێڵگەی پەلەوەری
– دهۆک؛ ٣٤٤ کێڵگەی پەلەوەری
– هەڵەبجە؛ ٣٥ کێڵگەی پەلەوەری
– گەرمیان؛ ١٥٨ کێڵگەی پەلەوەری