قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال و مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ڕووداوی کوشتنی “نیاز جەلال بەگ” ناسراو “بەنیاز دەرگەڵەیی” پەیامی هاوخەمی بڵاودەکەنەوە.
قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، پەیامی ھاوخەمی بۆ کوشتنی نیاز دەرگەڵەیی بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، “کۆچکردوو تێکۆشەرێکی دێرینی یەکێتی و خەباتکار و فەرماندەیەکی بەئەمەک بوو چەندین ئەرکی حکومیی و حزبی بەجێگەیاندووە و لەئاستی لێپرسراوێتیدا بووە، داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم لێکۆڵینەوەی پێویست بکەن لەبارەی ئەو ڕووداوە نەخوازراوەوە تا تاوانباران بەسزای یاسایی خۆیان بگەن.”
مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ڕووداوی کوشتنی فەرماندەی دێرین “نیاز جەلال بەگ” ناسراو “بەنیاز دەرگەڵەیی”، پەیامێکی ھاوخەمی ئاڕاستەی خانەوادەکەی دەکات و دەڵێت، “بۆ ئەم خەمە قوڵە ماتەمینی خۆمانتان پێڕادەگەیەنین، کاک نیاز پەروەردەی بنەماڵەیەک بوو کە لە ناوچەکانی باڵەکایەتی، ڕواندز و سۆراندا نموونەی بەرخودان و تێکۆشان بوون لە ڕوبەڕوبونەوەی زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی خۆسەپێندا، لە ھەڕەتی لاوێتیەوە لە نێو کۆڕی خەباتدا وەک فەرماندەیەکی بوێر و لە ڕۆژە سەختەکانی ئەنفالدا پارتیزانێکی جوامێر بووە، لە دوای ڕاپەڕینش کاک نیاز دەرگەڵەیی لە ڕیزەکانی ھێزی پێشمەرگەدا قۆتاغەکانی فەرماندەیی بڕیوە تاکو ئەرکی فەرماندەی لیوا، پاش ماوەیەک قائمقامی قەزای چۆمان و دواتر قائمقامی قەزای دوکان بووە .”