بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، زیاتر لە %٩٥ی ئەو خواردنەوە کحولییانەی لەناو هەرێمدا هەن بەشێوەی قاچاغ هاتوون.
کاوە خەلیل، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی رووداو رایگەیاند:” زیاتر لە %٩٥ی ئەو خواردەوە کحولییانەی لە هەرێمی کوردستانن بەشێوەی قاچاغ هاتوون”.
ئاماژەی بەوەشکرد:” لە بازگە و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کۆمپانیای تایبەتی سەر بە وەزارەتی دارایی پشکنین بۆ خواردنەوە کحولییە هاوردەکراوەکان دەکات بەبێ ئەوەی راوێژ بە وەزارەتی تەندروستی بکرێت”.
دەشڵێت:” ئەو خواردنەوە کحولییانەی هاوردەی هەرێم دەکرێن کوالێتییەکەیان بەپێی ستاندارد نییە، هاوکات لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٠ کۆمپانیا و پێنج کارگەی بەرهەمهێنانی کحول بوونی هەیە، لەکۆی ئەو پێنج کارگەیە تەنها یەکێکیان مۆڵەتی تەندروستی هەیە”.