وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تائێستا هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە گۆڕاوی نوێی كۆرۆنا ناسراو بە “ئەیریس” تۆمارنەكراوە.
د.سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاندووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، كار لەسەر تواناكانی دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی گۆڕاوی نوێی كۆرۆنا دەكەن، كە لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان سەریهەڵداوە.
ڕاشیگەیاندووە، خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ تووشبوونێك بەو گۆڕاوە نوێیە لە عێراق تۆمارنەكراوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، گۆڕانی بۆماوەیی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاساییە، بەو پێیەی گۆڕانی بۆماوەیی ڕوودەدات و جۆرێك دەردەكەوێت، كە لەهەندێك تایبەتمەندی جیاوازن و ڕەنگە كەمتر مەترسیداربن لە ڤایرۆسەكانی دیكە، بەڵام نیشانەكانی هەمان نیشانەی كۆڤید 19یان هەیە.
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە ساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە باری لەناكاوی تەندروستی لەسەرانسەری جیهان ڕاگەیاند و هەر زوو وڵاتان سنوورەكانیان داخست و كەرەنتینەی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند و هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە.
لە جیهاندا زیاتر لە 7 ملیۆن كەس بەو ڤایرۆسە گیانیان لەدەستدا و لە هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە 7 هەزار كەس بەو ڤایرۆسە مردوون.