بۆ كەم كردنەوەی پارەی كارەبا دوو بڕیاری نوێ‌ دەركرا



وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بە كەم كردنەوەی پارەی كارەبای ئەو هاوبەشانەی سیستمی سۆلار دادەنێت و وەرگرتنەوەی كارەبای زیادەی بەرهەمهاتوویان و خستنەوە ناو تۆڕی نیشتمانی.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوابەدوای بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەوەرگرتنەوەی وزەی كارەبای بەرهەمهاتوو لەوزەی خۆر (سیستمی سۆلار) لەلایەن هاووڵاتیانەوە، دانانی كارەبای وزەی خۆر ڕوو لەزیادبوونە و بەسەدان ماڵ و شوێن ئەو سیستمەیان داناوە.

ڕوونیشی كردۆتەوە، بەپێی داتاكانی بەشی وزە نوێبووەكان، 150 ماڵ لەناو سلێمانی سیستمی سۆلاریان لەسەربانی ماڵەكانیان داناوه،‌ كە كۆی توانای بەرهەمهێنانی وزەی كارەبایان نزیكەی 1.5 مێگاواتە و چەندین ماڵیش هەیە تائێستا نەهاتوون سیستمەكەیان تۆمار بكەن.

دانانی سیستمی سۆلار دوو سوودی زۆر گرنگی هەیە، كەیەكێكیان بەشداردەبیت لەبەرهەمهێنانی كارەبا و دووەمیشیان خەرجی كارەبا كەم دەبێتەوە و هەر بەپێی رێنمایی ژمارە (3)ی ساڵی 2021ی وەزارەتی كارەبا ئەو كارەبایەی لەوزەی خۆر بەرهەمی دەهێنیت و تێكەڵ بەكارەبای نیشتمانی دەكەیت، لەكۆتایی مانگەكەدا لەخەرجی كارەبای مانگانەكەت دەردەكرێت.

كارەبای سلێمانی ڕوونیشی كردۆتەوە، لەدوای دەرچوونی یاسای ووزە نوێبووەكانیش لەلایەن وەزارەتی كارەبا و حكومەتی هەرێم دوو بڕیاری گرنگی تر بۆ ئەو هاوبەشانەی، كەسیستەمی ووزەی خۆریان داناوە دەرچووە:.
یەكەم: بڕی ئەمپێری پێوەری زیرەكی كارەبایان زیاد دەكرێت تا كۆی ئەو كارەبایەی بەرهەمی دەهێنێت بیخاتەوە ناو تۆڕی كارەبای نیشتیمانی .
دووەم: ئەو ماڵانەی كارەباكەیان سیستمی پریپەیدە بۆئەوەی ئەو كارەبایەی تێكەڵ بەكارەبای نشتیمانی دەكەن هەژمار بكرێت، پریپەیدی سەر پێوەری زیرەكیان لادەبرێت و لەمەودوا یەكەی گەڕاوەیان بۆ ناو تۆڕی كارەبا هەژمار دەكرێت.

سیستمی بەرهەمهێنانی كارەبا بەوزەی خۆر بۆ كوردستان زۆر گونجاوە و دەكرێت بۆ هەموو ماڵێك یان پرۆژەیەكی بازرگانی یان باخێك سوودی لێوەربگیرێت، هەروەها بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا بەتیشكی خۆر دۆستی ژینگەیە و بارزۆری سەر تۆڕەكانی كارەباش كەم دەكاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی داوا لەو هاووڵاتیانە دەكات، كە سیستمی كارەبای سۆلاریان داناوە “سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەكانی كارەبا بكەن بەمەبەستی تۆماركردنی سیستمەكەیان بۆئەوەی سوودمەندبن لەو بڕیارانەی، كە تایبەتن بەدانانی سیستمی سۆلار”.

ژنێك لە بەردەم گوندی لوبنانی گیانی لەدەستدا
پێت ژنێك لە بەردەم گوندی لوبنانی گیانی لەدەستدا
مەسرور بارزانی لە ئیماراتە
دوات مەسرور بارزانی لە ئیماراتە
پەیوەنیدر