دوای ئەوەی دوێنێ دوو شەممە ١٤ ئابی ٢٠٢٣ پرۆسەی قیرتاوكردنی شەقامی ١٠٠ مەتری دەستی پێكرد، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران سەردانی پڕۆژەكەی كرد و لە نزیكەوە لە چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی قۆناغەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەی كۆڵییەوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران دەستخۆشی لە شارەوانی سلێمانی كرد بۆ كارئاسانیكردن وهەماهەنگییەكانی لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار و هەروەها دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكار و ئەندازیاران و كرێكارانی پڕۆژەكەش كرد كە لە ماوەی رابردوو سەرباری كێشە و كەموكوڕییەكان بەردەوام بوون لە كارەكانیان.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری پڕۆژەیەكی ستراتیژییە و هەموو هەوڵێك دەدەن كەموكوڕییەكان چارەسەر بكەن و داواشی لە شارەوانی سلێمانی و كۆمپانیای جێبەجێكار كرد هەموو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ تا پڕۆژەكە لە ماوەیەكی كورتدا تەواو بكرێت.
شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی ٣٤ كیلۆمەترە و تا ئێستا ٩٥٪ كارەكانی پڕۆسەی بڕین و پڕكردنەوەی تەواو بوو و بە گشتیش ٥٥٪ كۆی پڕۆژەكە تەواو بووە. لە رۆژی رابردووشەوە پرۆسەی قیرتاوكردن دەستی پێكردوە و بڕیارە لە قۆناغی یەكەمدا ١٠ كیلۆمەتر قیرتاو بكرێت و دوای تەواوبوونی بڕین و پڕكردنەوەش، قۆناغی دووەمی قیرتاوكردنەكەش دەست پێ دەكات.