حاکم قادر حەمەجان ڕایگەیاند، باسكردن لە ڕابردوو، دەبێت بۆ پەندوەرگرتن بێت لە ھەڵەكانمان نەک دروستکردنی ناکۆکی و ڕق و كینەی زیاتر. دەشڵێت: “خۆمان لە ئێستادا ناکۆکی و برینمان کەم نییە، تا بە هەڵدانەوەی پەڕە کۆنەکان برینی نوێ دروست بکەین”.
حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، سەردانی هەریەکە لە ( ڕادیۆی نەوا و دەزگای قەڵەم و كەناڵی فاڵكۆن)ى کرد لە سلێمانی و لەلایەن بەڕێوەبەر و ستافی ئەو میدیانەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
حاکم قادر جەختی لە فراوانکردنی ئازادی ڕادەربڕین کردەوە و وتی، “ئازادی ڕۆژنامەگەری یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی هەر کۆمەڵگایەکی دیموکرات و پێویستە لە هەرێم ئازادی ڕۆژنامەوانی فراوانبکرێت و ناکرێت لە ژێر هیچ پاساوێکدا ئازادییەکان لە قاڵب بدرێن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، “وەک یەکێتی هەمیشە پشتیوان و داكۆكیكاری رۆژنامەنووسان و رۆژنامەگەریی ئازاد و ئازادی بیروڕا بووین و بەڵێنیش دووپات دەكەینەوە لەسەر ئەو رێچكەیە بەردەوام بین تا كاری رۆژنامەنووسی بەتەواوی رۆڵی كارای خۆی بگێڕێت لە گواستنەوەی راستییەكان و چەسپاندنی زیاتری ئازادی و دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و سەروەی یاسا و دژایەتیكردنی گەندەڵی کە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر بڵاوبووەتەوەو بۆیە پێویستە چارەسەری ریشەی بكرێت”.
حاکم قادر باسی لەوەشکرد، “هەڵدانەوەی مێژووی شەڕی ناوخۆیی نێوان لایەنە کوردستانییەکان بەتایبەت یەكێتی و پارتی خزمەت بە ساڕێژکردنی برینەکان ناکات، بەڵکو برینی نوێ دروست دەکات، بۆیە دەبێت باسکردنی ڕابردوو بۆ پەند وەرگرتن بێت لە ھەڵەكانمان، ئەگەرنا خۆمان کێشە و گرفتی کەممان لە نێواندا نییە، تا بەو شێوەیەی ئێستا بە دەستی خۆمان کێشەی دیکەی بۆ دروست بکەین كە دەبێتە ھۆی تێكدان و لێكترازانی گەلی كوردستان”.
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا حاكم قادر ھێمای بۆ ئەوەشكرد، “ڕاستە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان گرنگە و جێگەی گفتوگۆ نییە، کە دەبێت بەبێ مەرج، مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم دابین بکرێت، بەڵام کورتکردنەوەی کێشەکانی گەلەکەمان تەنها لە مووچەدا هەڵەیە و دەبێت لە بەغدا هەنگاوەکان فراوانتربكرێت تا مافەکانی گەلی كوردستان، کە لە چوارچێوەی دەستووردا دیاری کراوە بەدی بهێنرێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، “گەلی كوردستان و لایەنە كوردستانییەكان و حكومەتی ھەرێم پێویستە خۆیان بۆ ھەر ئەگەر و گۆڕانكاری و پێشھاتێك ئامادەبكەن، كە ڕوو دەدەن لەناوچەكە و عێراقدا و خوێندنەوەی زانستیانەی بۆ بكەن”.