كارۆ كاوە
حیكمەتێكی جوانی ژیان هەیە: پلان و قسە و بەڵێنەكان هیچ نرخێكیان نیە تا بە ناو چەند ڕەشەبا و هەژانێكدا نەڕۆن.
دادگای فیدڕاڵی عێراق و بڕیارەكانی لە دژی هەرێمی كوردستان، هەژانێكبوو لە گۆڕەپانی سیاسی و یاسایی و ئابووری و كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستاندا.
بڕیارەكانی دادگاكە ئاستی لاوازی حوكمڕانی و یاسایی لە هەرێمی كوردستان بە جۆرێكی دیكە پشان داین، ڕێگایەكی تەواو جیاواز لەو ڕێگایانەی كە پێشتر خەباتی كورد پێیدا ڕۆیشتووە لە ئەنفال و جینۆساید و ڕاگواستن وسەركوتكاری.
ئەمجارە بە زمانی یاسا ستۆپ بەهەنگاوەكان كرا، ئەمەش ڕووداێكی نوێ و گرنگە لە مێژووی عێراق و هەرێمی كوردستان، چونكە یاسا پێشتر بەشێوازێكی گەڵتەئامێز لەلای خەڵك و دەسەڵاتەوە سەیردەكرا، بەڵام دادگای فیدڕاڵی لەپشت بڕیارەكانییەوە پەیامێكی ڕوونی ئاڕاستەی هەمووان كرد، كە ئەویش ئەوەبوو لەمەودوا یاسا قسەی كۆتایی لەسەر ململانێ و ناكۆكییەكان دەكات نەوەك كەسانی نەخوێندەوار.
لەپاش ڕووخانی ڕژێمی پاشاییەتی لە عێراق، ئاست و توانای یاسایی سستبوون و پاشەكشەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی لە وڵاتدا، ئەگەر هەرێمی كوردستان بە نموونەیەك لە عێراق وەربگرین، دەبینین تائێستا داوا و مامەڵە یاساییەكان تەنها لە چوارچێوەی كڵێشەی ئامادە و ناسین و واستەدا چارەسەردەكرێن، زۆر بەدەگمەن لەناو دادگاكانی هەرێمی كوردستاندا داوای یاسایی هەبووبێت كە پێوسیتی بە لێكۆڵینەوەی قووڵ و ماندووبوونی فكری هەبووبێت، ئەوەی هەبووە بریتیبووە لە نوسینی داوای یاسایی سادە و ڕایكردنی مامەڵە ئیدارییەكان.
لەڕووە یاساییەكەیەوە، بێگومان لەناو دۆخێكی لەم شێوەیەدا ناتوانی ململانێی یاسایی قووڵ و درێژ لەگەڵ دادگای فیدڕاڵی بكەیت، بەمەش مەحكوومی بە دۆڕانی دۆسییەكان، چونكە ئەزموونی لەم شێوەیەت لەناو هەرێمدا نەبووە، ئەمە جگە لەوەی كە تائێستاش زۆربەی كۆمەڵگەی كوردی بە چاوێكی لاوەكی و نزم دەڕواننە پارێزەر و یاساناسان، لەم ڕووە حەق دەدەم پێیان، چونكە تۆ بڕوانە مێژووی دەوڵەتی عێراقی لەسەرەتای دروستبوونیەوە، دەبینیت كەسانێكی وەكو : ڕەشید عالی گەیلانی، مونیر قازی، عەباس عەزاوی، ئەمجەد ئەفەندی زەهاوی، حەسن پاچەپی، عەبدولجەبار تەكرلی و چەندانی دیكەی هەبوو كە لەناو بواری یاسادا داهێنانیان دەكرد و بەرهەمەكانیشیان لەو بواردەدا بە سەرچاوەی زۆر باش دادەنرێن تاوەكو ئێستا.
من نا، تۆی خوێنەر لە ئێستادا بڕوانە دۆخی دادگا و كۆلێژی یاسا و دەرچووانی لە هەرێمی كوردستان، بزانە شتێك بەناوی بەهای زانستی و یاسایی دەدۆزیتەوە كە جێگای شانازی بێت. شكست یەكەم هەنگاوی سەركەوتنە، كەسانی عاقڵ دەزانن ئەنجامەكانی سەرەتای جەنگ ئەنجامی كۆتایی نین، هەربۆیە شكستەكانیان دەگۆڕن بۆ سەركەوتن، وەك ئەوەی ئەمریكا لە جەنگی جیهانی دووهەم لە پێڕڵ هاربەر بەسەریداهات لەسەرەتاكانی جەنگدا.
لەمڕۆوە تاوەكو دە ساڵی دیكە، دەبێت ڕێڕەوی یاسا لە هەرێمی كوردستان بگۆڕدرێت بۆسەر ڕێگا ڕاستەكە، بەجۆرێك كە ڕێگا یاساییەكان لەبەردەم نەیاران دابخرێت و نەتوانن داوا لەسەر داوا لەهەرێمی كوردستان ببەنەوە، ئەمەش بە پلەی یەك كاری دەسەڵاتە پاشان كاری یاساناسانە، ڕاستە ئەمە سەختە و كاتی دەوێت بەڵام هەڵبژاردە قورسەكانی ژیان سەرەتایان قورسە و كۆتاییان ئاسان و پڕ بەرهەمە.