سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی پرسی کارەبا و کارەبای سیتییەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، وەک ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەمیشە پشتگیری هاوڵاتیانان کردووە و کابینەی ئەمجارەی حکومەت نەیتوانیووە لەبواری کارەبادا خزمەت بە هاوڵاتیان بکات و هاوڵاتیان بەبەردەوامی گلەی و گازندەیان هەبووە.
ئازاد حەمە ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، سەردەمانێک سیستمی ١٦ ئەمپێر و ٢٠ ئەمپێریان بۆهێناین و دوای ئەوەی شکستی هێنا پێوەرتی زیرەک هێنرا کە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێمانوایە لەئاستی تموحی پارە پەیداکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نەبووە بۆیە لە ئێستادا بیریان لە هێنانی سیستمی پریپەید کردووەتەوە و وەک هەمیشە بۆیەکەمجار لە سلێمانی تاوی دەکرێتەوە کە نرخەکەی لە ١٨ دینارەوە کراوە بە ١٥٦ دینار و وەک سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دژی ئەو بڕیارەین و لەگەڵ گرانبوونی نرخەکەیدا نین و پلانێکی سەرکەوتوو نییە و لەگەڵ موچە و قوتی خەڵکدا ناگونجێت.
وتیشی، حکومەت گرنگی بەوەنادات و ناگەڕێتەوە بۆئەوەی خەڵکی چەندێک پارەی لەلایەتی بەڵکو تەنها بیر لە پەیدا کردنی پارە و زیادکردنی داهاتەکانی دەکاتەوە کەلەگەڵ ئاستی گوزەران و ژیانی خەڵک ناگونجێت. باسی لەوەشکرد، هەوڵ دەدەن بەڕێگەی یاسایی بڕیاری گراندکردنی نرخی کارەبای سیتییەکان هەڵبوەشێننەوە، بەڵام ئەگەر ئەوەش نەکرا ئەوا داوای پێداچوونەوە بەبڕیارەکەدا دەکەن بۆ کەمکردنەوەی نرخەکان.
ئەوەشیخستەڕوو، ئەوان دەتوانن لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیار لەوبارەیەوە دەربکەن بۆ سنووری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و حکومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی پێیەوە پابەندبێت و جێبەجێی بکات و هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ کەمکردنەوەی ئەو نرخە.