دادگای فیدڕاڵی بڕیارەكەی بۆ خانەنشینانی هەرێم بڵاوكردەوە



دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ئەو بڕیارەی لە بەرژەوەندی خانەنشینانی ھەرێم دەریكرد بۆ هاوتاكردنی مووچەكانیان لگەڵ عێراق بڵاوكردەوە، كە بڕیارێكی پابەندكارە و ناتوانرێت تانەی لێ‌ بدرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم تا ئێستا هیچ هەڵوێستی لەسەری نەبووە.

بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی و دەستووری فیدڕاڵی، پرسە سیادییەكان و بابەتی دارایی لە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندییە و دەبێت سەرجەم هەرێم پارێزگاكان پابەندبن پێوەی وەك: سیاسەتی دارایی و دراو و پلەبەندی مووچە و ڕەگەزنامە و پاسپۆرت و فڕۆكەوانی و چەند بابەتێكی دیكە.

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە 23ی مانگی ڕابردوودا لەسەر سكاڵای خانەنشینانی هەرێم بڕیاری نادەستووری بوونی یاسای خانەنشینی هەرێمی دەركرد و جەختی لەوەكردەوە، كە دەبێت خانەنشینانی هەرێم مووچەكانیان و ماف و ئیمتیازەكانیان هاوتای خانەنشینانی عێراق بكرێن.

وەك لە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیدا هاتووە، جێبەجێ كردنی یاسای خانەنشینی ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠٠٦ی ھەڵوەشاوە لە ھەرێمی كوردستان؛ نادەستوورییە و دەبێت داوالەسەركراوان (سەرۆك وەزیرانی هەرێم و وەزیری دارایی) پابەند بن بە جێبەجێ كردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ی ھەمواركراو لە ھەرێمی كوردستان”.

یاسای خانەنشینی ژمارەی 27ی ساڵی 2006 كە پەرلەمانی عێراق دەریكردووە لە ساڵی 2014ەوە هەڵوەشاتەوە و یاسای نوێ‌ بە ژمارە 9 لە ساڵی 2014 دەركراوە، بەڵام یاسا كۆنەكە لە هەرێم هەر جێبەجێ‌ دەكرێت و ماف و ئیمتیاز و مووچەی كەمی بۆ خانەنشینان دیاری كردووە، بەڵام لە یاسا نوێیەكەدا كۆمەڵێك ماف و ئیمتیاز دیاری كراوە، كە “یاسایەكی نموونەیی” هەژمار دەكرێت.

بەپێی یاسای یەكگرتووی خانەنشینی كەمترین مووچە 500 هەزار دینارە لەكاتێكدا لە یاسا كۆنەكەدا 200 هەزار دینارە، هەروەها لە یاسا نوێیەكەدا پاداشتی خانەنشینی 12 مووچەی تەواوە لەكاتێكدا لە یاسا كۆنەكەدا 6 مووچەی بنەڕەتی دەدرێت بە فەرمانبەر لەكاتی خانەنشین بووندا.

هاوكات، بەپێی یاسا نوێیەكە، فەرمانبەر لەسەر كۆی مووچە خانەنشین دەبێت و دەرماڵەی بڕوانامە و هاوسەر و منداڵ نابڕدرێت و لەكاتی خانەنشینی بەردەوام دەبێت لەگەڵ پێدانی دەرماڵەیەكی بژێوی ژیان، بەڵام لە یاسا كۆنەكەدا، فەرمانبەر لەسەر مووچەی بنەڕەتی خانەنشین دەبێت و دەرماڵەكانی دەبڕدرێت.

هەر بەپێی یاسای یەكگرتووی خانەنشینی لە عێراقدا سەرجەم مووچەخۆران لە سەرۆك كۆمارەوە تاوەكو نزمترین ئاستی وەزیفی فەرمانبەران بە یەك پێوەر و ئەو یاسایە خانەنشین دەبن، لەكاتێكدا یاسا كۆنەكە بۆ بەشێكی فەرمانبەرانە و تەنها ڕاژەی شارستانی دەگرێتەوە و پێشمەرگە یاسای خۆی هەیە بۆ خانەنشینی و هێزەكانی ناوخۆ بە یاسای خۆیان و پەرلەمانتار و وەزیرەكان و دادوەر و پلەباڵاكان بە یاسای خۆیان خانەنشین دەبن.

كەمی مووچەی خانەنشینان لە هەرێم چەندین ساڵە ناڕەزایی لەسەرە بەتایبەت لەلایەن چینی خانەنشینانەوە، كە تەمەنی گەنجی خۆیان لە وەزیفەی گشتی بەسەر بردووە و لە كاتێكدا دەگەنە تەمەنێكی زۆر و خانەنشین دەبن مووچەیەكی شایستەیان نییە.

بەپێی یاسای چاكسازی لە هەرێم، دەبوو ئەو پارەیەی لە ئەنجامی چاكسازی لە مووچە و خانەنشینی پلەباڵاكان و بندیوارەكان و بڕینی دوو مووچە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، مووچەی خانەنشینانی پێ‌ زیاد بكرێت، بەڵام تا ئێستا حكومەت جێبەجێی نەكردووە.

پەروەردە بڕیارێكی بۆ كاتی تاقیكردنەوەكان دەركرد
پێت پەروەردە بڕیارێكی بۆ كاتی تاقیكردنەوەكان دەركرد
ئەدریانۆ بەهۆی یارییەكانی بەرازیل لە ژنەكەی جیابۆوە
دوات ئەدریانۆ بەهۆی یارییەكانی بەرازیل لە ژنەكەی جیابۆوە
پەیوەنیدر