جارێکی تر کۆرۆنا دەگەڕێتەوە



ئاماژە بە گەڕانەوەی پەتای کۆرۆنا لە ناوەڕاستی وەرزی هاوین هەیە، لە  وڵاتانی فەڕەنسا، ئەمریکا، بەریتانیا، هیندستان و یابان سەرهەڵدانەوەی پەتاکە تۆمارکراوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لە وڵاتانی ئەوروپا داوای هۆشیاری دەکرێت.

تەندروستی گشتی فەرەنسا ڕایگەیاندووە، سەردانەکان بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکان کە گومانی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ لێدەکرێت، لە هەفتەیەکدا لە ٣١ی تەمموزەوە تا ٦ی ئاب بە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر بەڕێژەی ٪٣١ زیادیکردووە و ٩٢٠ حاڵەت تۆمارکراوە.

دەزگای تەندروستی گشتی پشتڕاستیکردەوە، تا ئێستا ژمارەی توشبووان بە مامناوەندی ماونەتەوە، شەپۆلەکانی پەتاکە لە ماوەی هاوین و زستانی ساڵی ٢٠٢٢دا هەفتانە زیاتر لە چوار هەزار حاڵەتی تووشبوونیان تۆمارکردووە، هەروەها لە سەرەتای مانگی ئابدا زیاتر لە ١٥٠٠ پشکنین ئەنجامدراوە، لە ماوەی یەک هەفتەدا ٪٨٤ زیادیکردووە.

ڕۆژی هەینی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو حاڵەتانەی لە جیهاندا دەستنیشانکراون لە ماوەی مانگێکدا بە ڕێژەی ٪٨٠ زیادیکردووە، لە ٢٠ی تەمموزەوە تا ٦ی ئاب ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار تووشبووی دیکەش زیادیکردووە.

تیدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دووپاتی کردەوە، لە سەرەتای مانگی ئایارەوە چیتر ئەو پەتایە بە حاڵەتێکی نائاسایی تەندروستی جیهانی نازانرێت، بەڵکو ڤایرۆسەکە بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە لە هەموو وڵاتان.

شارەزایان پێیان وایە وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و دابەزینی ئاستی بەرگری لەش هۆکارن و ڕۆڵیان هەیە لە گەڕانەوەی پەتاکە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، زیاتر لە ٪١٧ی تووشبوونەکانی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ کە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا لە جیهاندا دەستنیشانکراون بەهۆی جۆری “AG5” ەوەیە.

ئەنتۆنی فلاهۆڵت، بەڕێوەبەری پەیمانگای تەندروستی جیهانی لە زانکۆی جنێڤ ڕایگەیاندووە، ئەم جۆرە لە هیندستان دۆزراوەتەوە، هەروەها لە وڵاتانی دیکەی ئاسیا، ئەمریکای باکوور و ئەوروپاش دۆزراوەتەوە، ڕەنگە جێگەی جۆرەکانی پێشوو بگرێتەوە.

هەروەها مەترسی سەرهەڵدانی گۆڕاوێکی مەترسیدارتری کۆرۆنا هەیە، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی لەناکاوی تووشبوون و مردن، هەرچەندە چاودێریکردنی پەرەسەندنی پەتاکە بەهۆی کەمی زانیارییەکانەوە ئاڵۆزتر بووە، لەبەرئەوەی ژمارەی پشکنینەکان کەمیکردووە و ڕێوشوێنی بەدواداچوون وەستاوە.

ڕوسیا خستنەخوارەوەی ٢٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی ڕاگەیاند
پێشت ڕوسیا خستنەخوارەوەی ٢٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی ڕاگەیاند
بەهای دۆلار لەبەرزیدایە
دواتر بەهای دۆلار لەبەرزیدایە
پەیوەندیدار