پزیشکی پسپۆری مایکرۆبایۆلۆجی، ھەڤاڵ حەسەن عبدالقادر: “بابەتی تیشکە چالاکەکان زۆر مەترسیدارە لەبەر ئەوەی ئەم تیشکانە لەو ئامێرە جەنگیانە جیانابنەوە یا خۆد ئەو شوێنەی کە ئەو بۆمبانە بەکارھاتوون ئاسەواری ھەر دەمێنێتەوە. لە عێراق زۆرجار بینیومانە کە ئامێری جەنگی وەک پاشماوەی چەکی سووک یا قورس دەتوێنەوە و بۆ شیشی بیناسازی بەکاری دەھێنن ئەو توانەوەیە تیشکەچالاکەکان لەناو نابەن. ئێمەش لە نێو بیناکان بەکاری دەھێنین ئەمانە تا سەر لەگەڵ ئێمەن و دەبنە ھۆکاری شێرپەنجە و زۆرنەخۆشی دیکەش”.
پزیشکێکی پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆجی، ژینگەی پیس بە یەکێک لە هۆکارەکانی تووشبوونی شێرپەنجە دەزانێت و دەڵێت، هەوڵێکی جیهانی هەیە و وەک پرۆگرامێکی تەندروستی کە ژینگەی مرۆڤ بە پاکوخاوێنی رابگیرێت.
پزیشکی پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆجی، ھەڤاڵ حەسەن عبدالقادر هەموو لایەک بە بەرپرسیار دەزانێت لە پیسبوونی ژینگە و هۆشداری ئەوەش دەدات کە ئەگەر مامەڵەیەکی زانستی لەگەڵ دۆخەکەدا نەکرێت، ئەوە نەخۆشی بەرۆکی هەموو لایەک دەگرێتەوە.
پیسبوونی ژینگە کە ئەنجامی چەند فاکتەرێکن، وەک ئاوی پیسی ماڵان، پاشماوەی نەخۆشخانەکان، پلاستیک، پاشماوەی پاتری، تایە و ماددە کیمیاوییەکانی دیکە کە بە شێوەیەکی زانستی هەوڵی ریسایکلیان نادرێت، دەستێکی باڵایان هەیە لە تووشبوون بە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان.
بە پیشەسازیبوونی هەندێک وڵاتیش کاریگەری لەسەر خراپبوونی دۆخەکە هەبووە و پەرەسەندنی ئەو رەوتە بۆ وڵاتانی تازە پێگەیشتووش هێندە زیاتر مەترسی دروست کردووە.
پزیشکی پسپۆری مایکرۆبایۆلۆجی، ھەڤاڵ حەسەن عبدالقادر لە نەخۆشخانە نانەکەلیی هەولێر، لە لێدوانێکدا وتی: “لە ئێستادا تەندروستی جیھانی تەرکیزی خستووەتە سەر پرۆگرامی “One health program”، ئەم پرۆگرامە تەندروستییە پرۆگرامێکی ھاوبەشە، کە دان بەوە دادەنێت مرۆڤ، ئاژەڵ و ژینگە بە ھاوبەشی پارێزراو بن. ئەنجامی ئەمە بەھای باشی دەبێت ئەویش بەکارکردنی پێکەوەیی لەسەر پرسەکە لە ڕووکاری کەرتە جیاوازەکاندا وەک ئەوەی ئەگەر ژینگە نەپارێزی ناتوانی مرۆڤ و ئاژەڵیش بپارێزی ئەمەش بە پرۆگرامێکی زۆر پێویست دەزانم لەئێستادا تاکو بتوانین خۆمان لە نەخۆشی و باکتریا و شێرپەنجە بپارێزین”.
ئەم پزیشکەی مایکرۆبایۆلۆجی نموونەی پەتای کۆرۆنای هێنایەوە و وتی: “لە پرسی کۆرۆنادا تا ئێستا بۆمان دەرنەکەوتووە کە هەر سێ رەهەندی گۆڕانی ئاو و هەوا، تەندروستی مرۆڤ و یان پاراستنی ئاژەڵ، کامەیان کاریگەرییان لەسەر دۆخەکە و پەرەگرتنی پەتاکەدا هەبوو”.
دکتۆر ھەڤاڵ حەسەن لەبارەی پاراستنی ژینگە وتی: “پاراستنی ژینگە کێشەیەکی جیھانییە “global problem”ە و ھەموومان بەرپرسیارین لێی، ھەر لە ئاوی پیسی نەخۆشخانەکان، ماڵان، زبڵ و پاشماوەی پزیشکی تاکو ئەو کارگانەی کە گازە ژەھراوییەکان دەردەکەن، بەرپرسیارن و دەبێت مامەڵەیەکی زانستیان لەگەڵ بکرێت، چونکە پیسبوونی ژینگە دووبارە بە نەخۆشی بۆ خۆمان دەگەڕێتەوە”.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی مایکرۆبایۆلۆجی، “لە ئێستادا باکتریاکان لە ژینگەدا بەھێزن و زۆربەی ئانتی بایۆتیکەکان لەبەرامبەریان بێھێز بوون. ھەتا دەچێت باکتریاکان بەھێزتر دەبن ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئێمە کەمترخەمین بەرانبەر بە ژینگە، نموونەی ئەم دۆخەمان لە تای خوێنبەربوون بینی”.
د.ھەڤاڵ حەسەن کە یەکێکە لە ئەندامانی گرووپی-(CBRN) (Chemical Biological Radiological and Nuclear) لەبارەی “Ray Activus” تیشکە چالاکەکان کە لە پاشماوەی جەنگ بەجێ دەمێنن لە نێو ژینگەدا و دەبنە مەترسی بۆ سەر ژیانی ھاوڵاتییان و درووستبوونی شێرپەنجە هۆشداری دەدات و لەم بارەوە وتی: “یەکێک لە یاساکانی تەندروستی جیھانی کە ھەموو دەوڵەتان دەبێت کاری لەسەر بکەن ئەمەیە کە تا چەند دەتوانن لە رووی کیمیایی، بایۆلۆجی، تیشکە چالاکەکان و ماددە ئەتۆمییەکان خەڵک بپارێزن و چۆنیيەتی مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو ماددەانە بزانن.
لە ھەموو شتێک گرنگتر بۆ وڵاتانی وەکو ئێمە کە جەنگیان بینیوە بابەتی تیشکە چالاکەکانە کە زۆر مەترسیدارە لەبەر ئەوەی ئەم تیشکانە لەو ئامێرە جەنگیانە جیانابنەوە یا خود ئەو شوێنەی کە ئەو بۆمبانە بەکارھاتوون ئاسەواری ھەر دەمێنێتەوە. لە عێراق زۆرجار بینیومانە کە ئامێری جەنگی وەک پاشماوەی چەکی سووک یا قورس دەتوێنەوە و بۆ شیشی بیناسازی بەکاری دەھێنن ئەو توانەوەیە تیشکەچالاکەکان لەناو نابەن. ئێمەش لە نێو بیناکان بەکاری دەھێنین ئەمانە تا سەر لەگەڵ ئێمەن و دەبنە ھۆکاری شێرپەنجە و زۆرنەخۆشی دیکەش”.
د.ھەڤاڵ حەسەن لە کۆتاییدا داوای کرد کە لە سەنتەری شارەکان سەوزایی زیاد بکرێت و ئەو کۆمپانیایانەی کە کار دەکەن بۆ کۆمکردنەوەی ئەو زیانەی کە بە ژینگەی دەگەیەنن سەوازیی زیاد بکەن.
پسپۆر لە میدیکال بایۆلۆجی و مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولیر، علی حسین میر لە لێدوانێکیدا لەو بارەوە: “پیسبوونی ژینگە یەکێکە لە ھۆکارە باوەکان بۆ تووشبوونی نەخۆشییەکانی وەک دڵ و جگەرو سییەکان و ھاوکات دەبێتە ھۆی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە. پیسبوونی ھەوا و ئاو و خاک یان تیشکی خۆر (سەروو بنەوشەیی )، تیشکی ئێکس (X-ray)، یان چارەسەربە تیشک ھۆکارن بۆ تووشبون بە شێرپەنجە. ھەروەھا ڕوودانی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە پەیوەستە بە چەند جار و ماوە و ڕێژەی بەرکەوتن لەگەڵ ھەندێک ماددە زیانبەخشەکان کە دەتوانن ببنە ھۆی شێرپەنجە دوای ساڵانێک لە بەرکەوتنیان”.
علی حسین میر ھەروەھا وتیشی: “پیسبوونی ھەوا بەھۆی سووتانی سووتەمەنییەکانی گواستنەوە و پیشەسازی و کارەبا و چێشت لێنان و گەرمکردنەوە (دار و خەڵوز)ەوە دروست دەبێت بە جۆرێک پیسبوونی ھەوای دەرەوە، دەبێتە ھۆی ئەوەی نزیکەی یەک لە ھەر ١٠ حاڵەتی شێرپەنجەی سییەکان. بەڵام گرنگتر و مەترسیدارتر لەوە جگەرەکێشانە، کە کاریگەری زۆر گەورەتری ھەیە لەسەر مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان بەراورد بە پیسبوونی ھەوا. ئەمەش دەتوانێت ببێتە ھۆی تێکچوونی DNA لە خانەکان و چۆنییەتی دووھێندبوونی خانەکان بگۆڕن”.
ئەم پسپۆرەی بایۆلۆجی ھەروەھا رایگەیاند: “پیسبوونی خاک دەتوانێت لە سەرچاوەی سروشتی یان دروستکراوی مرۆڤەوە بێت وەک لە ئارسنیک. ئارسنیک لە خاکە پیسبووەکاندا ھۆکارێکی ناسراوە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، کە دەتوانێت ئاوی خواردنەوە پیس بکات و ھەروەھا تیشکی سەروو بنەوشەیی لە تیشکی خۆرەوە، ھۆکارێکی ناسراوە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست”.