رۆژی شەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسایەک دەدات، پرسیاری زارەکیش ئاڕاستەی وەزیرانی ناوخۆ و دارایی دەکرێت.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی دانیشتنی رۆژی شەممەی بڵاوکردەوە و بەپێی بەرنامەی کار لە بڕگەی یەکەمدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەکرێدانی زەوی کشوکاڵی دەدرێت، لە بڕگەی دووەم و سێیەم پرسیاری زارەکی ئاڕاستەی وەزیرانی ناوخۆ و دارایی دەکرێت.
لە بڕگەی چوارەم و پێنجەمیش، خوێندنەوە و گفتوگۆ لەبارەی راپۆرتی ھەردوو پڕۆژەیاسای بەخشینی ھەڵگرانی پاسپۆرتی دیبلۆماسی و خزمەتگوزاری لە ڤیزای چوونەژوورەوە لەنێوان عێراق و روسیا و قوبرس دەکرێت.
لە بڕگەی کۆتایش راپۆرتی ھەردوو لیژنەی تەندروستی و ژینگە، لەبارەی پڕۆژەیاسای ھەمواری ٢١ی یاسای میلاک دەخوێنرێتەوە.