وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی یاسای چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سێ لیوای دیکەی یەکەی ٧٠ گواسترانەوە بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی یاسای چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێ لیوا لە فەرماندەیی یەکەی(٧٠) گواسترانەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، کە بریتیین لە لیواکانی(26، 28، 30).
وەزارەتەکە ڕاشیگەیاند، ئەم سێ لیوایە خراونەتە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە و لە رۆژی دەرچوونی فەرمانی گواسنتەوەیان، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕونیکردەوە، پرۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەردەوام لەلایەن سەرۆکایەتیەکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەسەر دەکرێتەوە.
ماوەی چەند مانگێکە هاوپەیمانان فشارێکی زۆر لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و گواستنەوەی بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەیان لەچوارچێوەی یەک هێزی نیشتیمانی، بەڵام ناکۆکییەکانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە، ڕێگری دەکات لە زوو جێبەجێکردنی ئەو هەوڵانە، و بەم دواییانەش ناکۆکییەکان لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە، گەشتۆتە لوتکە و هۆشداریش لە زیاتر ئاڵۆزی دۆخەکە دەدرێت.