ساڵانێکی زۆرە عێراق ڕووبەڕووی کەم ئاوی و وشکەساڵی بووەتەوە، ئەمڕۆ وڵاتی دوو ڕووبار بەدەست قەیرانێکی سەختەوە دەناڵێنێت کە بووەتە هۆی لەدەستدانی ٪ ٧٠ی ناوچە سەوزەکانی و سەدان ئاژەڵ و کۆچی زۆرێک لە گوندنشیینەکان.
قەیرانی ئاو بەهۆی کەمبوونەوەی پشکی ئاوی عێراق و دروستکردنی بەنداوەکان و پەیڕەوکردنی “سیاسەتی تینوکردنی عێراق” لەلایەن تورکیا کە هەڵوێستی نێودەوڵەتی و سیاسیی بەرزکردوەتەوە.
هەمووان چاوەڕوانی ئەنجامەکانی سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق دەکەن، هاوکات لەگەڵ داواکارییە سیاسی و گشتگیرەکان بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئاو و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی عێراق، لە دووبارە ژیاندنەوەی میزۆپۆتامیا.
زۆرێک لە پێوەرە جیهانییەکان هۆشداری دەدەنە دەسەڵاتدارانی عێراق لە ژمارەیەکی شۆککەر سەبارەت بە قەیرانی ئاو، بەڵام مەترسیدارترینیان ئەوەیە کە ڕوودەدات سەبارەت بە نەمانی ڕووبارەکان لە عێراق تا ساڵی ٢٠٤٠ و وشکبوونەوەی تەواوەتی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات.
بەپێی ئەو ئامارانەی ئابووریناسانی عێراق بڵاویانکردوەتەوە، رێژەی بەکارهێنانی ئاو لە عێراق ٦٠ ملیار مەتر سێجایە.
ئاوی عێراق لە ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٩٣ ملیار مەتر سێجابووە، لە ساڵی ٢٠٢٣ بووەتە ١٥ ملیار مەتر سێجا، لە کاتێکدا یەک ملیار مەتر سێجا کەمبوونەوە لە ئاوی عێراق بە مانای لەدەستدانی ٢٦٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی دێت.
پشکی سەرتاسەری ئاو لە ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٢ هەزار و ٣٨٩ مەتر سێجا بووە، هاوکات لە ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٣٤٨ مەتر سێجا بوو، واتە پشکی سەرتاسەری عێراق لە ئێستادا یەکسانە بە تەنها ٪١٤ی پشکەکەی کە لە ساڵی ٢٠١٩ هەیبووە.
بەپێی پێوەرەکان ڕادەی فشاری ئاوی عێراق ٣.٧ لە کۆی ٥ پێکدەهێنێت، هەر بۆیە عێراق خراوەتە لیستی ئەو وڵاتانەی کە پۆلێنکراون بەوەی مترسی کەمی ئاو و دەرەناجامەکانی لەسەرە.
پێوەرە جیهانییەکان پێشبینی دەکات تا ساڵی ٢٠٤٠ میزۆپۆتامیا ببێتە خاکێکی بێ ڕووبار، دوای ئەوەی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات بە تەواوی وشک دەبنەوە.
لە مانگی تەمموزی ٢٠١٦ ڕێکخراوی پەروەردەیی و زانستی و ڕۆشنبیریی نەتەوە یەکگرتووەکان “یونسکۆ” زۆنگاوەکانی عێراقی خستە لیستی میراتی جیهانیەوە، ڕووبەری زۆنگاوەکان ٣٥ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و تایبەتمەندی مێژووی عێراقی لە خۆگرتووە، بەڵام لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا بەهۆی کەمی ئاو و وشکبوونەوەیان مەترسی ئەوەیان لەسەرە لە لیستەکە لاببرێن.
بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق لە پلەی پێنجەمدایە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا بەرکەوتووە، لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە قەیرانی ئاو وەک پرسێکی جددی عێراق سەریهەڵداوە، بەهۆی کەمی بارانبارین و “شەڕی ئاو” لەلایەن وڵاتانی دروسێی عێراق لەوانە تورکیا و ئێران.
ڕووباری دیجلە و فورات بەتەواوی نزیکە لەوەی وشک ببێتەوە، لە کاتیکدا ئاستی ئاوەکەی بۆ نیو مەتر کەمیکردووە، لە هەندێک شوێن ئاوەکەی پیسبووە و هاووڵاتیان ناتوانن بۆ خواردنەوە سوودی لێببینن
بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئاو تورکیا دوو مەرجی بۆ عێراق دانەوە
عەون دیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان، لە میانی کۆنفرانسی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی ئاوی سەلامەت لە عێراق ڕایگەیاند: عێراق بۆ چوارەم ساڵ لەسەر یەک ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی کەمی ئاو دەبێتەوە بەهۆی واقیعی گۆڕانی کەشوهەوا و بچووکبوونەوەی قەبارەی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، جگە لەوەی دروستکردنی بەنداو و گرتنەوەی ئاو لە لایەن وڵاتانی دراوسێ کاریگەری لەسەر ناوچەکە هەیە
ئاماژەی بەوەشکرد، “عێراق پشت بە ٪٧٠ داهاتی ئاوەکەی لە دەرەوەی سنوورەکانەوە دەبەستێت، بۆیە وەزارەتەکە بە پەرۆشەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەکات کە پشکی ئاوی دیجلە و فوراتی لێوەدێت.” .
ڕووباری فورات هێشتا بەدەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنێت، چونکە تورکیا پابەند نەبووە بەو پشکەی کە بەپێی پرۆتۆکۆل بۆ ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٨٩ لەگەڵ سوریا واژۆکرابوو، کە تورکیا ناچار دەکات ٥٠٠ مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا بدات لە ناوچەی تەرابلوس لەسەر سنووری تورکیا و سوریا.
فایلی “ئاو” لە سەرووی ئەو فایلانە دێت کە عێراقییەکان چاوەڕێی چارەسەرکردنی دەکەن لە سەردانەکەی داهاتووی سەرۆکی تورکیا، لە کاتێکدا دواکەوتنی سەردانەکەی بۆ عێراق و چارەسەرکردنی پرسی ئاو پەیوەندیدارە بە پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
شاندی دانوستاندنی تورکیا بە فەرمی داوایان لە عێراقییەکان کردووە، پارتی کرێکارانی کوردستان لە عێراق دووربخاتەوە، مەرجی دووەمیشیان دەستبەرداربوونی عێراقە لە ملیارێک ملیۆن٥٠٠ دۆلار لە قەرزە سەپێنراوەکانی بەسەر تورکیا.