فەرماندەی گشتی هێزەكانی ڕووسیا لە سووریا ژەنەڕاڵ ئەلێكسەندەر شوەیكۆ بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای سیاسی و سەربازی وڵاتەكەی چووە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای كوردستان.
بەپێی سەرچاوە خۆجێیەكان، چاوەڕێدەكرێت ئەو فەرماندە باڵایەی ڕووسیا لەگەڵ مەزڵووم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات كۆببێتەوە و ڕەوشی ڕۆژئاوای كوردستان و هەڕەشەكانی توركیا تاووتوێ بكەن.
بەپێی سەرچاوەكان، كاتی گەیشتنی شاندە باڵاكەی ڕووسیا، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەو وڵاتە بە ئاسمانی شاری قامیشلۆدا سووڕاونەتەوە.
ئەمە دووهەم سەردانی ئەو فەرماندە باڵایەی ڕووسیایە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، چەند ڕۆژی ڕابردوو جارێكی دیكە سەردانی قامیشلۆی كرد و لەگەڵ كۆبانێدا كۆبووەوە.
كەناڵی ئەلمەیادینی لوبنانی نزیك لە ئێران، لە بارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەی شوەیكۆ و كۆبانێ زانیاری ئاشكراكردووە، دەڵێت تێیدا تاووتوێی هەڕەشەكانی توركیا و چۆنێتی ڕێگریكردن لەئۆپەراسیۆنی زەمینی توركیا كراوە.
بەشێك لە سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، ڕووسیا پێشنیازی كشانەوەی هەسەدەی لە سنوورەكانی توركیا بە دووری 30 كیلۆمەتر كردووە كە ئەنقەرە داوای دەكات، تا سووپای سووریای لێ جێگیربكرێـت، بەڵام هەسەدە ئەو داواكارییەی ڕووسیای ڕەتكردووەتەوە.