کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی پلەی گەرما لە گەرمیان دەگاتە 51 پلەی سیلیزی. پزیشکانیس هۆشداری دەدەن و هاووڵاتیان ئاگادار دەکەنەوە ئەگەر ناچار نەبوون لەماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.
رۆژی چوارشەممە، 09-08-2023، بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پلەی گەرمای پێشبینیکراوی بۆ سبەی پێنجشەممە، 10ـی ئاب راگەیاند و گوتی، ئاسمان ساماڵ و گەرم دەبێت و بەرزترین پلەی گەرما کە 51 پلەی سیلیزیە لە گەرمیان تۆماردەکرێت و نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەرانە کە 33 پلە دەبێت.
د. سەرخێل ئاراس، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی لەبارەی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، هۆشداریی دەدات و دەڵێت، دەبێت هاووڵاتییان لەکاتی چوونە دەرەوە خۆیان بپارێزن.
بە گوتەی ئەو پزیشکە، کاریگەریی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما زیاتر لە کاژێر 10:00ـی بەیانی بۆ 4:00ـی ئێوارەیە، چونکە تیشکی خۆر لەسەر زەوی بە ئاراستەی ستوونییە و دەڵێت، “ئەو کەسەی ئەو کاتانە بەرکەوتنی لەگەڵ خۆردا دەبێت، ئەگەری تووشبوونی بە هەندێک نەخۆشیی مەترسیدار دەبێت، یەکێک لەوانە شێرپەنجەی پێست یان بابەتێکی دیکە هەیە لە زانستی پزیشکی بە ناوی (sunstroke) کە بە کوردی خۆربردە یان گەرمابردە و نیشانەکانیشی بریتییە لە هۆشخۆچوون، بێهێزی، نەمانی بیر و لاوازی بیرکردنەوە.”
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ رۆژی پێنجشەممە بەمشێوەیەیە:
– هەولێر:47 پلەى سیلیزى
– سلێمانی: 44 پلەى سیلیزى
– دهۆک: 46 پلەى سیلیزى
– کەرکووک: 49 پلەى سیلیزى
– هەڵەبجە: 46 پلەى سیلیزى
– زاخۆ: 47 پلەى سیلیزى
– سۆران: 44 پلەى سیلیزى
– حاجی ئۆمەران: 33 پلەى سیلیزى
– گەرمیان: 51 پلەى سیلیزى