سەرۆكی ئۆكراینا، ڤۆلۆدۆمیر زێلێنسكی ڕایگەیاند، سووپای ڕووسیا لە پێنجی كانوونی یەكەمدا، زیاتر لە ٧٠ مووشەكی ئاڕاستەی ناوچە جیاوازەكانی ئۆكراین كردووە و زۆرینەیشی لەلایەن هێزەكانی ئۆكراینەوە خراوەتەخوارەوە.
ڤۆلۆدۆمیر زێلێنسكی لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا بڵاویكردەوە، هێزەكانی ڕووسیا دووبارە هێرشی مووشەكییان كردووەتەوە سەر وڵاتەكەی.
سەرۆكی ئۆكراین باسی لەوە كرد، لە پێنجی كانوونی یەكەمدا، بە ٧٠ مووشەك هێرش كراوەتە سەر ئۆكراین، بەڵام زۆرینەیان خراونەتەخوارەوە. مووشەكەكان لەجۆری X-101 و جۆری دیكەن.
ڤۆلۆدۆمیر زێلێنسكی باسی لەوەش كرد، ئەو سیستمە ئاسمانییانەی لەلایەن وڵاتانی هاوبەشەوە بە وڵاتەكەی دراوە بەشێوەیەكی كاریگەر كار دەكەن، بەڵام ئەوە بەس نییە و پێویستییان بە سیستمی زۆرتری هاوشێوە هەیە.
ڕاشیگەیاند: بەداخەوە هێشتا ناتوانین كایەی ئاسمانییمان بەتەواوی كۆنترۆڵ بكەین. چەند پێكانێك هەیە، بەداخەوە قوربانی هەیە. تا ئەم كاتە چوار كەس لە هێرشەكانی ڕووسیادا كوژراون.
سەرۆكی ئۆكراین، ئەوەشی خستەڕوو كە بەهۆی هێرشەكانی ڕووسیاوە، پچڕانی كارەبا لە زۆر شوێنی وڵاتەكەدا بەتایبەتی كیێڤ بەردەوامە و باری لەناكاوی پچڕانی كارەبا هەیە.