محەمەد حاجی مەحمود ڕایگەیاند هێزەکانیان ئامادەن بۆ بەرگریکردن و پاراستنی کوردستان لە هەر هەڕەشە و پەلامارێك کە ڕووبەڕووی ببێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی حزبەکەیدا، وتارێکی لە گوندی گوڵەخانەی شارەزوور پێشکەش کرد.
ڕایگەیاند، ناحەزانی گەلەکەمان هەوڵ دەدەن قەوارەکەمان لاواز بکەن و هەوڵی بڕینی سەرچاوەی داهاتەکەی دەدەن.
سەرۆکی سۆسیال دیموکراتی کوردستان سەرلەنوێ ڕەخنەی لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق گرت لەو دۆسێیانەی کە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە و ڕایگەیاند، دادگایەك بڕیار لە چارەنووسی هەرێم دەدات کە لەوانەیە کاتێك پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دروست بوو، ئەوان هەندێکیان سەربازی هەڵهاتوو بووبن.
محەمەد حاجی مەحمود لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا باسی لە پرسی سەربەخۆیی کرد و ڕایگەیاند، هیچ نەتەوەیەك سەربەخۆیی لەسەر سینی زێڕین پێشکەش نەکراوە، بەڵکو سەربەخۆیی خوێن و خەبات و فیداکاریی پێویستە.
جەختیشکردەوە لەوەی هێزەکانی حزبەکەی ئامادەن بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە هەر پەلامارێك.
سەرۆکی سۆسیال دیموکرات ئامادەییشی بۆ ئەوە دەربڕی کە هێزە چەکدارەکانی حزبەکەی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕێکبخرێنەوە.