حاکم قادر ڕایدەگەیەنێت، عێراق چەند بەهێز بێت، لە ئێستا و داهاتووشدا بەبێ ئەوەی دەستەبەری مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکات، سەقامگیر نابێت و ھەروەھا نابێت لە ژێر هیچ پاساوێکدا بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم نەنێرێت.
حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی لە میانی سەردانێکیدا بۆ سەندیکای تەكنیككارانی ئەندازەیی- لقی سلێمانی ڕایگەیاند، “پێویستە کۆنگرە و هەڵبژاردنی سەندیکا و ڕێکخراوەکان ئەنجام بدرێت، تا بەردەوام بتوانن نوێببنەوە و خزمەتی زیاتری چین و توێژەکان بکەن.”
حاکم قادر باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد و جەختیکردەوە، ناکرێت مووچە و بژێوی هاووڵاتیانی هەرێم بکرێنە قوربانی ململانێ سیاسییەکان و نابێت لە ژێر هیچ پاساوێکدا بەغدا پارەی فەرمانبەران و خانەنشینان نەنێرێت، بە تایبەت چیتر هەرێم خۆی سەربەخۆ ناتوانێت نەوت بفرۆشێت و لە ئێستادا فرۆشتنی نەوتی رادەستی بەغدا كردووە.”
وتیشی، “پێویستە هەرێم و بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکانیان بن، عێراقێکی بەهێز تەنها کاتێک دروست دەبێت کە مافە نەتەوەی و نیشتیمانی و دەستوورییەکانی گەلی کوردستانی تێدا بێتە دی، بە پێچەوانەوە عێراق بەبێ ئەوە هەرگیز سەقامگیر نابێت.”
حاكم قادر ھێمایی بۆ ئەوەشكرد، پێویستە پابەندییە داراییەكانی ھاوڵاتیانی ھەرێم لەگەڵ پابەندییە داراییەكانی ھاوڵاتیانی عێراق ھاوتابكرێتەوە، وەك پێناسەی گومری و باجەكان و ئەوانی دیكە، كە بونەتە بارگرانی بەسەر ھاوڵاتیانی ھەرێم.”
جەختی لەوەشكردەووە، “پێویستە ئەو وادەیەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریکراوە چیتر دوانەخرێت و لە هەرێم هەڵبژاردنێکی سەردەمیانە و پاك و بێ گەرد ئەنجام بدرێت.”
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، “پێویستـە گوێ لە رێنمایەكان و ئامۆژگارییەكانی ھاوپەیمانان و دۆستەكانمان بگرین بە تایبەت لە رێكخستنەوەو یەكگرتنەوە ھێزەكانی پێشمەرگە، كە لە ئێستادا ئەركێكی گرنگە ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدرێت، چونكە پەكخستن و دواخستنی زیانێكی گەورە بە گەلی كوردستان و پرۆسەی سیاسی دەگەیەنێت.”