پەرلەمانتارێكی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبێت ئەوا هەرێمی کوردستان بژاردەی خۆی دەبێت و دەشڵێت: ” هەوڵێک هەیە بۆ لێدان لە پێگەی دەستووری هەرێمی کوردستان”.
ڕێبوار بابکەیی، سەبارەت بە سەردانەکەی ئەمڕۆی شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا بۆ (كوردستان24) ڕایگەیاند، سەردانی شاندی باڵای پارتی بۆ بەغدا، ئامانج لێی تاوتوێکردنی پرسە سیاساییەکان و ڕێککەوتنی سیاسی نییە، چونکە ئەو قۆناغانە تێپەڕیون، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە پەیامی سیاسی هەرێمی کوردستان بدات بە لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتی بە لایەنی شیعە کە ئێستا زۆرینەن.
ڕاشیگەیاند، پەیامەکە ئەوەیە، ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی عێراق و حکومەتی عێراقی پابەند نەبن بەو ڕێککەوتنانەی لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لەسەر یاسای بودجە و پڕۆژە یاسای نەوت و غاز کراوە، ئەوا هەرێمی کوردستان بژاردەی خۆی دەبێت.
وتیشی، “بژاردەکانی هەرێمی کوردستان کاریگەری خۆیان دەبێت لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق”
رێبوار بابکەیی ئەوەشی خستۆتەڕوو، “هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق پێیان وابوو نەرمینواندنی حکومەتی هەرێم دەرفەتە بۆ لێدان لە پێگەی هەرێمی کوردستان، بەڵام دەبێت ئەوە بزانن ئەم نەرمیە مانای تەسلیم بوون نییە بە ئیرادەی سیاسی ئەوان، چونکە ئیرادەی ئێمە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خەڵکی کوردستان و هەڵوێستە نەگۆڕەکانی سەرۆک بارزانی”.
بەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە 7ـی ئابی 2023، شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت و لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە.