پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی كۆدەبێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، کار لەسەر دیاریکردنی هێڵی زەرد بکرێت تایبەت بە گواستنەوەی گشتی و جەختیشی كردەوە لە دابین كردنی هێڵی پاس بۆ گەڕەكە نوێیەكان و شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا، لەگەڵ سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای سلێمانیدا کۆبۆوە.
پارێزگاری سلێمانی داوایکرد، کە بەڕێوەبەرێتیی گواستنەوەی سلێمانی بەرنامە و پێشنیازی پێویستی خۆیان ئامادەبکەن بۆ باشترکردنی گواستنەوەی گشتیی و گەیاندنی هێڵی گواستنەوەی گشتیی بە هەموو ئەو گەڕەکە نوێیانەی گواستنەوەی گشتییان نییە و دانانی پاس بۆ سەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود و هێڵی تاسڵوجە – سلێمانی بەشێوەی بەردەوام.
هەڤاڵ ئەبوبەكر لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “داوامان كردووە بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرێتی هاتووچۆی سلێمانی و سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، کار لەسەر دیاریکردنی هێڵی زەرد بکرێت تایبەت بە گواستنەوەی گشتی و ئەو پاسانەی مۆدیلیان زۆر نزمە بە پاسی نوێ، کە شایستەی هاتووچۆپێکردنی هاووڵاتیان بن، بگۆڕدرێن”.