هەولێر- ئارام سەردار
وەزیری شارەوانی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، چوار بیری دیكەی ئاوی خواردنەوە لێ دەدرێن و دروستكردنی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆش دەستیپێكردووە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، قیڕتاوكردنی شەقامی 60مەتری لە 8ی حەسارۆك لەسەر داهاتی 100%ی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دەستیپێكرد و دوای تەوابوونی ئەو شەقامەش، شەقامە 60 مەتری و 40 مەترییەكانی دیكە تەواو دەكرێن.
وتیشی، “دەست بە دروستكردنی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆی 8ی حەسارۆك كراوە”. سەبارەت بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لەلایەن حكوومەتەوە بۆ شار و شارۆچكەكانی كوردستان ساسان عەونی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان، كە لە هەر شوێنێك پێویست بە خزمەتگوزاری بكات، حكوومەت خزمەتگوزارییان پێ دەگەیەنێت.
ئەمڕۆ دوو شەممە 5/12/2022، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەك بەڕێوەبەر و ئەندازیار و تیمەكانی شارەوانی، قیڕتاوكردنی شەقامی 60مەتریی 8ی حەسارۆك دەستیپێكرد.
سەبارەت بە لێدانی بیری ئاوی خواردنەوە، ساسان عەونی وتی: تاكوو ئێستا چوار بیری ئاو لێدراون و لە بەرنامەدایە لە داهاتوویەكی نزیكدا چوار بیری دیكەش لێ دەدرێن.
لەبارەی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆش ئاماژەی بەوەكرد، دروستكردنی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ دەستیپێكردووە و لەكاتی ئاوەدانبوونەوەی زیاتری گەڕەكەكە، بەرنامە و پلانی دیكەمان بۆی هەیە.