بازاڕی دۆلارەكە دابەزینی بەهای دۆلار بۆ 140 هەزار ڕادەگەیەنێت



بانكی ناوەندیی عێراق دوو ڕێکاری نوێی بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دەركردووە و وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەش دەڵێت: “ئەگەر قۆرخكاریی تێدا نەكرێت، بەهای 100 دۆلار دەگاتە نزیکی 140 هەزار دینار”.

جەبار گۆران، شارەزای ئابووری و وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكە له سلێمانی ڕایگەیاندووە، بەهۆی دوو بڕیاری بانکی ناوەندییەوە، ئەگەر قۆرخكاریی تێدا نەكرێت، بەهای 100 دۆلار دەگاتە نزیکی 140 هەزار دینار.

ڕوونیشی كردەوە، یەكێك لەبڕیارەكان پێدانی دۆلارە بە نرخی فەرمی بە بازرگانانی بچووك، كە پێشتر دۆلاریان لە بازاڕی ڕەشدا كڕیوە و 60%ی پێویستیی ناوخۆ هاوردە دەكەن و بەوەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار و نرخی کاڵاکان، هەنگاوی دووەمیش زیادكردنی قەبارەی پێدانی دۆلارە بە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو.

عەبدولڕەحمان مەشهەدانی، شارەزای ئابووری بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە)ی ڕایگەیاندووە، دەرکردنی بڕیاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ١٤ بانکی عێراقی بە دۆلار بووە هۆی هەڵاوسانی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە نێوان بەرز و نزمدا، بەڵام دواتر حکومەت زنجیرەیەک ڕێوشوێنی جێبەجێکرد، کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕێوشوێنەکانی دیکەی بانکی ناوەندی عێراق، کە تێیدا 116 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو دەسەڵاتیان پێدرا پشکەکانی خۆیان لە دۆلار لە بانکە نوێیەکان وەربگرن، ئەم بابەتەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بۆ جارێکی دیکە.

وتوشیەتی، “ئەم ڕێکارانە نرخەکان دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی پێش قەیرانەکان هەبوون، بەڵام زیاتر لەوە، هەروەها ڕێوشوێنی حکومەت هەیە بۆ کەمکردنەوەی باجەکان، کە لەسەر چوونە ناو زیادکردنی دراوەکان سەپێنراوە و ئەمەش دەبێتە هۆی سەقامگیری نرخەکان، کە پێشبینی دەکەین بگاتە ١٤٠٠ دینار بۆ یەك دۆلار”.

ڕۆژی چوار شەممەی ڕابردوو، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی بۆ ئاژانسەكە وتوبووی، “بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ ماوەیەکی کاتییە و بانکی ناوەندی دەستکاریکەرانی دەستنیشان کردووە”.

ئاماژەی بەوەشدابوو، “حکومەت پێشنیارێکی پەسەندکردووە بۆ ئەوەی بانکەکە ڕێکارەکانی باج ئاسان بکات بۆ بەدەستهێنانی دۆلار”.

دوابەدوای قسەكانی پارێزگاری بانكی ناوەندی، لە ڕۆژی پێنج شەممەوە دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەردەوامە دوای ئەوەی نرخەكەی گەیشتە 157 هەزار بۆ 100 دۆلار، ئەمڕۆش زیاتر نرخەكەی دابەزی و ئێوارەی ئەمڕۆ لەكاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەكان بەهای 100 دۆلار بۆ 150 هەزار و 750 دینار دابەزی.

لە سلێمانی شەقامێك داخرا
پێت لە سلێمانی شەقامێك داخرا
یاساى سەربازى زۆرەملێ لە عێراق بەم نزیکانە دێتەوە ناو پەرلەمان
دوات یاساى سەربازى زۆرەملێ لە عێراق بەم نزیکانە دێتەوە ناو پەرلەمان
پەیوەنیدر