بە بڕیاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، بەهۆی بەڕێوەچوونی خوولی دووەمی تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەییەوە بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەك، ڕۆژانە چەند كاتژمێرێك هێڵەكانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێن.
سبەی یەک شەممە 6-8-2023 تاقیکردنەوەی نیشتمانی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ خولی دووەم دەست پـێ دەکـات و ڕۆژی دوو شەممە 14-8-2023 كۆتایی دێت.
بژوێن عەلی، بەڕێوەبەری بەشی بەبازاڕكردنی كۆمپانیای ئای كیو بۆ خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەسەر بڕیاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەكاتی بەڕێوەچوونی خوولی دووەمی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی هێڵەكانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێن.
ڕاشیگەیاند، لە سبەینێوە بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەك ڕۆژانە لەكاتژمێر 6 بۆ 8ی بەیانی هێڵەكانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێن.
ڕاگرتنی هێڵەكانی ئینتەرنێت بۆ پاراستنی سەلامەتی تاقیكردنەوەكان و ڕێگری لە دزەپێكردنی پرسیاری تاقیكردنەوەكانە، كە ساڵانە لەكاتی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ هەردوو خوولی یەكەم و دووەم ئینتەرنێت ڕادەگیرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەشێك لە كۆمپانیاكان لەدوای كۆتایی هاتنی تاقیكردنەوەكان قەرەبووی بەشداربووانیان دەكەنەوە.