لە بەشێكی خوێندنگەكان باخچەكانی منداڵان نەخۆشی پەتای وەرزی (ئەنفلۆنزا) و دڕكە و مێكوتە بڵاوبۆتەوە و ژمارەیەكی زۆری خوێندكاران تووشبوون و مامۆستایەكیش دەڵێت: “لەكۆی 22 خوێندكاری پۆلێك 18 خوێندكاریان پەتایان گرتووە”.
لە گەڵ هاتنەوەی وەرزی سەرما و سۆڵە، هاوشان لەگەڵ بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پەتا وەرزییەكان بەرۆكی هاووڵاتیان دەگرێتەوە و هاوكات بەهۆی كرانەوەی خوێندنگەكان و زانكۆ و پەیمانگاكان و تێكەڵاوی و قەرەباڵغی پۆلەكان خوێندكاران بەشێوەیەكی فراوان تووشی ئەو پەتایانە دەبن.
مامۆستا عادل حەسەن لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، لە كۆی 22 خوێندكاری پۆلی شەشەم، 18 خوێندكاریان تووشی پەتای وەرزی بوون.
ڕاشیگەیاندووە، بەم شێوەیە ئەو پەتایە بەردەوام بێت، كاریگەری خراپی لەسەر تاقیكردنەوەكان دەبێت.
هاوكات بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) ژمارەیەكی زۆری خوێندكاران لە خوێندنگەكانی سلێمانی سەردانی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانیان كردووە بەهۆی تووشبوونیان بە پەتای وەرزی.
هەر بەپێی زانیارییەكان، ژمارەیەكی دیكەی خوێندكاران و هەروەها منداڵان لە باخچەكانی ساوایان تووشی دڕكە و مێكوتە بوون و سەردانی بنكە تەندروستییەكانیان كردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
لای خۆشیەوە، سەنتەری كۆنتڕۆڵكردنی پەتاكان لە ئەمریكا هۆشدارییەكی بڵاوكردۆتەوە سەبارەت بەو ڤایرۆسی ئەنفلۆنزایەی ئێستا جیهانی گرتۆتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، پەتایەكی زۆر سەختە و لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا هیچ جارێك ئەنفلۆنزای وەرزی بەم جۆرە سەخت نەبووە.
سەنتەرەكە دەشڵێت: لەدوای كۆتاییهاتنی كۆرۆنا، ئەم پەتایە خراپترین پەتایە، كە بەرۆكی جیهانی گرتووە.
بۆ بەدواداچوونی زیاتر (خەڵك) پەیوەندی بە د. سەیوان عەلی، بریكاری وەزارەتی پەروەردە و د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانییەوە كرد، بەڵام پەیوەندییەكانیان بەردەست نەبوون.
لای خۆشیەوە، مامۆستا بەناز، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پەتای وەرزی بڵاوە و پێویستە لە هەر خوێندنگەیەك بەشێوەیەكی بەربڵاو لەناو خوێندكاران بڵاوبووەوە، پەروەردە ئاگادار بكەنەوە تاوەكو ڕێكاری پێویست بگیرێتەبەر.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو پەتایە لەناو پۆلێكی باخچەیەكی مندان بڵاوبووبووە و ئاگاداركراینەوە، بۆیە ڕاستەوخۆ لیژنەی تەندروستی پەروەردە سەردانی كردن و بۆ چەند ڕۆژێك منداڵەكان نێردرانەوە ماڵەوە بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی پەتاكە.