وتەبێژی حکومەت: هیوادارین حکومەتی عێراق چیتر مووچە نەکاتە کارتی سیاسی



وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند حکومەتی هەرێم “هەموو شتێکی پێویستی ڕادەستی حکومەتی عێراق کردووە” لە نەوت و داهاتی ناوخۆ، بەڵام حکومەتی عێراق پەیوەستی ڕێکەوتنی هاوبەش نەبووە. حکومەتی عێراق بەوە تۆمەتبار دەکات کە “غەدر” لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات بەهۆی ناردنی بودجەی هەرێم بەکەموکورتی.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “ئێمە ئەوەی لەسەر شانمان بووە لە پرسی داهاتی ناوخۆ، داهاتی نەوت لە پێدانی هەموو وردەکاری و بەرچاو ڕوونیەک کردوومانە، حکومەتی عێراقی هەموو داواکاریەکانی جێبەجێکراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەڵام دەبێت حکومەتی عێراقی پابەند بێت بە پرۆژە یاسای بودجەوە کە لە پەرلەمانەوە دەرچووە.”

وتیشی، “ئەمە لە قاڵبدانی هەرێم نییە، بەڵکو غەدرێکە لە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە کاتێکدا هەرێم تەواوی ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ کردووە.”

حکومەتی عێراق سەرەتای ئەم هەفتەیە بڕی 598 ملیار دیناری بۆ موچەی مانگی شەشی موچەخۆران ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرد، لەکاتێکدا بەرپرسانی هەرێم دەڵێن موچەی مانگێکی موچەخۆران زیاتر لە 900 ملیار دیناری دەوێت. و عێراق پارەکەی بە “کەموکوڕی” ناردووە. بەو پێیە بێت حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 323 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کە دوو مانگە دابەشنەکراوە.

پێگەی عێراق ئۆیڵ ڕۆژی چوارشەممە 2 ی مانگی هەشت لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە ناردنی ئەم بڕە پارەیە “ئاماژەیە بۆ دابەش بوون و ڕێکنەکەوتنی نێوان حکومەتی عیراق و حکومەتی ناوەندی.”

لەو بارەیەوە پێشەوا هەورامانی دەڵێت، “نازانم حکومەتی هەرێم دەبێت چی تر بکات بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێردرێت. هیوادارین حکومەتی عێراق چیتر ئەم بابەتە نەکاتە کارتێکی سیاسی و فشارێک بۆ برسیکردنی خەڵکی هەرێم.”

دەشڵێت”ئێمە نیەتێکی باش نا بینین لە پشت ئەم با بەتەوە.”

بەشێک لە سیاسیەکان و چاودێران لە هەرێمی کوردستان ناردنی ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی عێراقیان بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە کە حکومەتی ناوەندی متمانەی بە ژمارەی فەرمانبەرانی نێردراو نیە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.

پێشەوا هەورامانی وتیشی، “حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پڕ کردنەوەی کورتهێنانی مووچە، پشت بە داهاتی ناوخۆ دەبەستێت، وە لە ڕێگەی داهاتی ناوخۆوە ئەو بابەتە چارەسەر دەکات.”

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کەی دەتوانن کێشەی مووچە خۆران و فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن، پێشەوا هەورامی دەڵێت، “،تا حکومەتی عێراق ئیلتیزام نەکات بە پرۆژە یاسای بودجەوە، ئەم کێشەیە چارەسەر نابێت.”

وتیشی، “دۆزینەوەی بەدیلی نەوت یەکێک بووە لەو کارانەی لەم کابینەیەدا کاری لەسەر کراوە. بەڵام کاتی دەوێت تا سەرچاوەیەکی بەهێزی داهات دروست بکەین، بەتایبەت تەرکیزمان لەسەر کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاریە. بەڵام ئەوانە بە ساڵیک و دوو ساڵ نابنە سەرچاوەیەکی داهات کە پێویستیت بە داهاتی نەوت نەمێنیت. بەڵام دەتوانن یارمەتیدەربن وە پلانەکەش بەو جۆرەیە ئەم کەرتانە ئەوەندە بەهێز بن، کە کاریگەری نەوت لەسەر ئێمە زۆر دیار نەبێت.”

دوو برینداری کێشە خێزانییەکەی دوێنێ شەو گیانیان لەدەستدا
پێت دوو برینداری کێشە خێزانییەکەی دوێنێ شەو گیانیان لەدەستدا
ئەمریکا و ئەوروپا هەڵوێستی خۆیان لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند
دوات ئەمریکا و ئەوروپا هەڵوێستی خۆیان لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند
پەیوەنیدر