وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەرمانی کۆڵد ئاوت ( Cold out) ی کارگەی بەرهەمهێنی هیندی ( Fourrts)، سەرجەم کارەکانی ڕاگیراون تا کاتی دەرچوونی ئەنجامی تاقیگەیی.
ئاگاداریەک لە بەڕێوەبەرایەتی KMCA
هاوڵاتیانمان ئاگادار دەکەینەوە لەسەر بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە چەند پەیج و ماڵپەڕێک لە ناوەخۆ و دەرەوە سەبارەت بە دەرمانی کۆڵد ئاوت ( Cold out) ی کارگەی بەرهەمهێنی هیندی ( Fourrts).
دوای بەدواداچوونی وردی زانستی و پیشەییانەی خۆمان بۆ هاوڵاتیانمان ڕونی دەکەینەوە کەوا دەرمانەکە بە شێوەیەکی فەرمی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە و هەڵسەنگاندنی تاقیگەیی بۆ ئەنجامدراوە و کارگەی بەرهەمهێن تۆمارکراوە لە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان هەروەها ئەو نموونانەی کە ئاژانسی ( Bloomberg) لە ڕاپۆرتەکەی ئاماژەی پێکردووە کە گوایە هەڵسەنگاندنی تاقیگەیی بۆ ئەنجامدراوە تەنها لەشاری بەغدا وەرگیراون، لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا دەرمانەکە هیچ کاریگەریەکی لاوەکی نەبووە.
بۆیە بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی دەرمانەکە و پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیانمان ئەو بڕیارانەمان دەرکرد :-
١- ڕاگرتنی مامەڵەکردن و بەکارهێنانی دەرمانەکە.
٢-ڕاکێشانەوەی ( Recall) هەموو ئەو ژمارە باجانەی کە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە.
٣-هەڵپەساردنی کارگەی بەرهەمهێنەر و راگرتنی هاوردەکردنی بەرهەمەکانی کارگەکە تا دەرچوونی ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوە.
بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆلی جۆری دەرمان دڵنیایی تەواو دەداتە هاوڵاتیانمان لە کوردستان کە بەردەوام لە بەدواداچوونی ورد و زانستیانە دایە سەبارەت بەم بابەتە لە ناو دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان بە مەبەستی دابینکردنی دەرمانی سەلامەت و کوالێتی بەرز وە بنبڕکردنی دەرمانی بێ سەرچاوە و قاچاخ.
بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆلی جۆری دەرمان ( KMCA)
٣ ی ئابی ٢٠٢٣