دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە، 3-8-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا دا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-2-2024 ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، گەشتنە ئەو ئەنجامە.
وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، “دڵنیاتان دەکەمەوە هەموو لایەنەکان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو رۆژەدا یەکدەنگن.”
دڵشاد شەهاب وتیشی ، سەرۆکی هەرێم بەپێی یاسا مەرسومی فەرمی دەردەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بە ئەگەرێکی زۆرەوە دواهەمین مەرسومە بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن لە هەرێم، پێویستە لایەنەکان بە زووی بگەنە ڕێککەوتن لەسەر ئەو بەروارە.
دڵشاد شەهاب وتیشی، نە پارتی و نە یەکێتی هیچ پێشنیارێکیان بۆ سەرۆکی هەرێم نەناردووە تا کاتی دیاریکردنی هەڵبژاردن دیاری بکات ، بەڵکو سەرۆکی هەرێم خۆی کاتی هەڵبژاردنی دیاریکردووە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەیەتی.