ئەمڕۆ ٩ ساڵ بەسەر داگیرکردنی شنگال و کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە شنگال تێدەپەڕێت و لە کوردستان و عێراق یادی ئەو تاوانە قێزەونە کرایەوە.
لە مەراسیمی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق و نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و بەرپرسان و سیاسییەکان ، چەندین وتار پیشکەش کران.
سەرەتا محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەوتارێکدا کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکانی بە تاوانێک دژ بە گەلی عێراق ناوبرد، و داوای کرد عێراق لە چوارچێوەی یەک وڵاتدا، بەسەرجەم گەل و پێکهاتەکانیەوە یەکگرتوو و یەکڕیز بن، بۆئەوەی هیچ دەستێک نەتوانێت جارێکی تر تاوانی لەم جۆرە دژ بە گەلانی عێراق دوبارە بکاتەوە.
دواتر جێنین پلاسخارت نێردەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق ، لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا ئاماژەی بەوەدا، ئێستا کاتی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و خزمەتکردنی ئێزیدییەکانە، پیویستە حکومەت و دەسەڵاتداران بە زویی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری بگەیەننە شنگال، و یاسای پاراستنی ئێزیدییەکان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەر لە وتارەکەیدا پلاسخارت ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە دەسەڵات و حزبەکان بەرژەوەندی و خزمەتی هاوڵاتیان بخەنە پیش بەرژەوەندی خۆیانەوە.
دوای تێپەڕبونی ٩ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تا ئێستا هەندێک لە ڕوفات و کچ و ژنانی ئێزیدی بە نادیاری ماونەتەوە، و کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤیش لەهەوڵەکانیدایە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەو ئێزیدیانەی کە لەو کارەساتەدا بە نادیاری ماونەتەوە.