وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیج برە پارەیەکیان لە لایەن بەغداوە بەدەست گەیشتبێت و و دەشڵێت:هەر کات هەر بڕە پارەیەک خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی بەڕەسمی و شەفافانە کات و بڕەکەی ڕادەگەیەنین هەروەک پێشتر کردومانە.
وەزارەتەکە لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردووەتەوە کە ئێوارەی ئەمڕۆ لەچەندین میدیاو کەناڵ و پەیجی سۆشیال میدیا هەواڵی ناردنی بودجەو مووچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بڵاو کرایەوە، بۆیە بۆ ڕای گشتی و سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندنی ڕوون دەکەینەوە، تا ئەم ساتە هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم و لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
دەشڵێت:” لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و هیچ دام و دەزگایەکی حکومەتی عێراقەوە هیچ شتێکی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بەناردنی بودجەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان”
لە رەەنکردنەوەکەدا وەزارەتی دارایی و ئابوری ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر کات هەر بڕە پارەیەک خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی بەڕەسمی و شەفافانە کات و بڕەکەی ڕادەگەیەنین هەروەک پێشتر کردومانە.
وەزارەتەکە تکا لە هاووڵاتییان دەکات و دەڵێت:”تکاتان لێ دەکەین متمانە بەو کەناڵ و سایت و پەیجانە مەکەن کە ڕۆژانە نابەرپرسیارانە یاری بەهەست و سۆزی فەرمانبەران و مووچە خۆران دەکەن و هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانە لەسەر دابەشکردنی مووچە بڵاو دەکەنەوە”.
دەشڵێت:”بۆ دەستکەوتنی هەواڵی ڕاست و دروست لەسەر کاتی دابەشکردنی مووچەو هەر بابەتێکی تری فەرمی پشت بە ڕاگەیاندن و کەناڵە فەرمیەکانی حکومەت و وەزارەتی دارایی ببەستن”