وەزیرێكی پێشووتری حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەخنە لە یەكێتی و پارتی دەگرێت، كە “لەژێر سێبەری حكومڕانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، فەرمانبەرانی هەرێم بێ مووچەن” و دەشڵێت: “پەرلەەمانتارانی كورد لە بەغدا بایكۆتی پەرلەمان بكەن”.
دڵشاد عەبدولڕەحمان، چاودێری سیاسی و وەزیری پێشووتری پەروەردەی هەرێم لە نووسینێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بەناونیشانی “بەغدا و كورد و مووچە” ڕایگەیاندووە، سەیرە، یەكێتی و پارتی، بەشێكن لەهاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت، كەچی لەژێر سێبەری حوكمڕانی ئەم هاوپەیمانیەدا، فەرمانبەرانی هەرێم ئاوا بێ مووچە و سەرچاوەی بژێوی ژیان دەكرێن و كورد ووتەنی ئەوانیش مێش میوانیان نیە.
ڕاشیگەیاندووە، “بەغدا هەر سەرنجێكی لەسەر جێبەجێنەكردنی پاپەندییەكانی هەرێم هەبێ ئەوە نابێتە پاساوی نەناردنی مووچەی فەرمانبەران”.
دەشڵێت: “ئەگەر پەرلەمانتارانی كورد بەجیاوازی حزبەكانیانەوە خۆیان بەنوێنەری خەڵكی هەرێم دەزانن هەق وایە دوامۆڵەت بۆ حكومەتی فیدڕاڵ دابنێن بۆ ناردنی مووچە، ئەگەر نەینارد ئەوا بایكۆتی پەرلەمان بكەن نەك یەك یەك و دوو دوو بچن سێڵفی لەگەڵ سودانی بگرن و مژدەی بێ بنەما بە فەرمانبەرانی هەرێم بدەن”.
جەختیشی كردۆتەوە، “پارتی و یەكێتیش نوێنەرانیان لەحكومەت و دەزگا فیدڕاڵیەكان بكشێننەوە. ئەوەی بەغدا دەیكا سوكایەتیە بە خەڵكی كوردستان”.