وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، کێشەی بەنزین بە هۆی حکومەتی عێراقەوە دروست بووە و لە ماوەیەكی زۆر كەمیشدا چارەسەر دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕایگەیاند، وەزارەتەکەیان لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵەکانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمیی بەنزین چڕ کردەوە و دوای رێگەپێدان لە 30/7/2023 بۆ هاوردەکردنی بەنزین لەلایەن كۆمپانیاکانەوە، مانگانە 71 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ ناو هەرێمی كوردستان هاوردە دەکرێت و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا گرفتی كەمیی بەنزین چارەسەر دەكرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بەهۆی ئەوەی حكومەتی عێراق لە 10/7/2023 پشكی هەرێمی كوردستانی لە پێدانی بەنزین بڕیوە، قەیرانی كەمیی خستنەڕووی بەنزینی لێکەوتۆتەوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی خواست لەسەر بەنزین”.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاشیگەیاند، هەرێمی كوردستان ڕۆژانە پێویستیی بە سێ بۆ 3.5 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، دوای هاوردەکردنی بەنزین کێشەی کەمبوونەوەکەی ڕوو لە چارەسەركردن دەكات.