پێدانی دۆلار بەبێ سەكۆی ئەلیكترۆنی دەستپێدەكات



فرۆشتنی دۆلار بە بازرگانان بێ تیپەڕبوون بە سەكۆی ئەلیكترۆنیی بانكی ناوەندیی عێراقدا دەستپێدەكات و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

بەپێی بڕیارێكی نوێی بانكی ناوەندی، بازرگانان مانگانە دەتوانن تاوەكو 100 هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی، كە 100 دۆلار بە 131 هەزار دینارە بكڕن.

ئەو هەنگاوە بەشێكە لە ئاسانكارییەكانی بانكی ناوەندیی عێراق بۆ زیاتر خستەڕووی دۆلار و هێنانەكایەی سەقامگیری بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، لەكاتێكدا نرخی فەرمیی دۆلار لەو بانكە 1310 دینارە، لە بازاڕی نێوخۆیی عێراق نرخەكەی زیاترە 1500 دینار بۆ یەك دۆلار.

ئەمڕۆ دوو شەممە، 31ـی تەممووزی 2023، بانكی بازرگانی عێراق (TBI) مامەڵەی بازرگانان وەردەگرێت بۆ كڕینی دۆلار بە نرخی فەرمی بە مەبەستی بازرگانیی دەرەكی، كە بە شێوەیەكە بە رێوشوێنەكانی سەكۆی ئەلیكترۆنیی بانكی ناوەندیی عێراقدا بۆ وردبینی كردنی تێناپەڕێت.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕاگەیاند، پێدانی دۆلار بە بازرگانان بەبێ‌ ڕێكارەكانی سەكۆی ئەلیكترۆنی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، چونكە بانكی بازرگانیی عێراق نووسینگەی لە هەر سێ پارێزگاكەی (هەولێر و سلێمانی و دهۆك) هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەو بازرگانەی دەیەوێت هەژماری بانكی لە بانكی بازرگانی بكاتەوە، دەبێت بەڵگەی پێویست پێشكەش بكات بۆ سەلماندنی كارەكانی و دوای پەسەند كردنی، دەتوانێت دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرێت”.

ئەم ڕێكارانەی بانكی ناوەندی دوابەدوای بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دێت بۆ نزیكەی 157 هەزار دینار و لە چوارچێوەی بەهێزكردنی بەهای دینار و ئاسانكاری ڕێكارەكانی پێدانی دۆلاردایە تاوەكو نرخی زیاتر دابەزێت.

ماوەی دوو ڕۆژە بەهای دۆلار زیاتر ڕووی لە دابەزین كردووە و ئێوارەی ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 150 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوەكرا.

ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار بە 150 هەزار و 250 دینار مامەڵە پێوەكردنی داخرا.

دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركران
پێت دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركران
‎تونێلی دەربەندیخان دادەخرێت
دوات ‎تونێلی دەربەندیخان دادەخرێت
پەیوەنیدر