د. یادگار عبدالجبار شوانی، پسپۆڕی پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ (تۆڕی میدیایی خەڵك) ڕایگەیاند، بۆئەوەی گورچیلەكانمان لەم گەرما بە تین و تاقەتپڕوكێنە بپارێزین پێویستە ڕۆژانە بەردەوام بین لە ئاو خواردنەوە بە شێوەیەكی درووست بە شێوەیەك ناكرێت بەیانی تا نیوەڕۆ یەكجار ئاو بخۆیتەوە، بەڵكوو دەبێت زوو زوو و كەم كەم بێت.
لەبارەی شێوازی كاركردن لە وەرزی هاوین ئاماژەی بەوەدا، پێویستە لەبەر سێبەر بێت و دوور لە تینی بەهێزی خۆر بێت. ئەگەر بەم چەشنەش نەگونجا وا باشە جەستە داپۆشراو بێت و ئەوانەی كاردەكەن كڵاو بكەنە سەریان ئەوەش بە مەبەستی دەردانی ئاوی زیادە (ئارەقە) تاكو هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر گورچیلە جێنەهێڵێت.
ڕاشیگەیاند، دەبێت لە خواردنەوە گازییەكان دوور بكەوینەوە، چونكە ڕێژەیەكی زۆری پڕۆتین و خوێی تێدایە ئەمەش زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت. بەجۆرێك ئەگەر ئاویش بخورێتەوە ناتوانێت ڕێ لەو ماددە ژەهراوییانە بگیرێت، كە دەبنە هۆی دروستبوونی بەردی گورچیلە بە تایبەت ئەو كەسانەی پێشتر بەردی گورچیلەیان هەبووە.