ئەمڕۆ مامۆستایانی ناڕازی لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی عێراق لە سلێمانی گردبوونەوە و ناڕەزاییان دژی دواکەوتنی مووچە دەربڕی و داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکەن ڕاستەوخۆ مووچەیان بۆ ڕەوانە بکات.
فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیداڕایانگەیاند، کە چیتر نەدانی مووچە و پاشەکەوت کردن و ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە و لێبرینی مووچەو دواخستنی وادەی دابەشکردنی قبووڵ ناکەن.
ڕاشیانگەیاند،سەرەڕای هەبوونی داهاتی ناوخۆو خاڵە سنورییەکان و داهاتی نەوتی، بەڵام بەرژەوەندی کۆمپانیا حیزبیەکان هەمیشە لەسەرو فەرمانبەران ومامۆستایانەوە بووە.
دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیداوا لە دەسەڵاتە فیدڕاڵیەکانی عێراق دەکات، پێگەی یاسایی و دەستووری خۆیان بەکاربهێنن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.
داواش لەدامەزراوەکانی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق دەکات، دواکەتنی مووچە چارەسەر بکەن و دەشڵێت: “نامانەوێت مووچەکانمان بچێتە نووسینگەی حەواڵەی هەرێم، لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی پلەبەرزکرنەوە،دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆپاشەکەوت و گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەنەکانیان،لێپرسینەوە و دادگای کردنی بەرپرسەکانی هەرێم، کە دەستیان هەبووە لە برسی کردن و چەوساندنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان، ناچار کردنی حکومەتی هەرێم بە کار کردن بە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق”.
داڕشتنەوەی\سانا تەها