دابەزاندنی بەهای دۆلار دەكرێتە مەرجی پەسەندكردنی بودجە



 

لە نێو كایەی سیاسی و ئابووری عێراقدا چاوەكان لەسەر پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوون لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەكەوە، بودجەیەك وەك شارەزایانی بواری ئابووری باسی دەكەن، گەورەترین بودجەیە لەمێژووی وڵاتەكەدا.

خەمڵاندنەكانی پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 ی عێراق پێمان دەڵێن، كە پێدەچێت ئەو بودجەیە لە نێوان 100 بۆ 150 تریلیۆن دیناردا بێت.

هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان چاویان لەسەر پشكی خۆیانە لەنێو ئەو بودجەیەدا، كە ئاخۆ چەند دەبێت و هەتا چەند لە ئاستی پێداویستییەكانی شەقام و بازاڕ و بژێویی ژیانی كورداندا دەبێت.

بەوپێیەی نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتی عێراقە، بەرز و نزمی نرخی ئەو سوتەمەنییە كاریگەری زۆری لەسەر دیاریكردنی بڕی بودجەی وڵاتەكە دەبێت.

لەكابینەكانی پێشووتری عێراقدا پشكی هەرێمی كوردستان %17 بوو، بەڵام دواتر كەمكرایەوە، ئێستا هەوڵ هەیە بۆ زیادكردنی ئەو پشكە.

” پشكی هەرێم لە بودجەدا زیاد دەكرێت”

پەڕلەمانتارێكی عێراق باس لە ئەگەری زیادكرنی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراقدا دەكات، دارا سێكانیانی، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، “لە ساڵانی ڕابردوودا پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا بەڕێژەی %17 بوو، بەڵام دواتر و لە خولی پێشووی پەڕلەمانی عێراق بەپێی سەرژمێریی دانیشتوان كەمكرایەوە %12.6 ، هەرچەندە سەرژمێرییەكان ورد نین”.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، ئێستا هەوڵ هەیە، بۆ ئەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بكرێت بە %14 ، بەڵام هەتا بوجەكە نەچێتە پەڕلەمان و دەنگی لەسەر نەدرێت، نازانرێت بەدیاریكراوی پشكی هەرێم چەند دەبێت.

بەبڕوای ئەو پەڕلەمانتارە، بڕی دیاریكراوی بودجەی هەموو عێراق لای پەڕلەمانی وڵاتەكەیە، بەهۆی ئەوەی عێراق پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، گۆڕانكارییەكانی نرخی نەوت كاریگەریان دەبێت لەسەر برشی بودجەی وڵاتەكە، چەند ڕۆژێكە نرخی نەوت دابەزیوە، بەپێی خەمڵاندنی كەسانی شارەزاو پسپۆڕی بوارەكە، لەنێوان 100 بۆ 150 تریلیۆن دیناردا دەبێت.

“بودجە 50 هەزار هەلی كار دەڕەخسێنێت”

دارا سێكانیانی لەبارەی ڕەخساندنی هەلی كار لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقدا دەڵێت، پێشبینی دەكرێت ئەو بودجەیە لە سەرتاسەری عێراقدا نزیكەی 50 هەزار هەلی كار بڕەخسێنێت، كە بریتین لە دامەزراندنی دەرچووانی ساڵانی ڕابردووی زانكۆ و پەیمانگاكان لەسەرجەم كەرتەكان، جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژە كە دەبنە مایەی ڕەخساندنی هەلی كار، بەو پێیەی ساڵی ڕابردوو بەهۆی كێشە ناوخۆییەكان و ململانێی سیاسی و قەیرانەكانەوە، حكومەتی عێراق تەنها دەیتوانی مووچەی فەرمانبەران دابەشبكات و كاربەڕێكەر بوو.

“دابەزاندنی بەهای دۆلار دەكرێتە مەرجی پەسەندكردنی بودجە”

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لە نێو پەڕلەماندا 100 پەرلەمانتار ئامادەنین دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە 2023 بدەن، ئەگەر دەستكاری بەهای دۆلار بەرامبەر دینار نەكرێت.

عودەی عەواد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، ئەوان وەك ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەنگاوەكانی گوشاركردن بۆ دەستكاریكردنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار زیاد دەكەن.

وتیشی، “نزیكەی 100 پەرلەنتار پەیمانیان بە خوا و گەلی عێراق داوە، كە دەنگ بە پڕۆژە یاسایەك نادەن و ناچنە ژێر گوشارەكانی سەرۆكی فڕاكسیۆن و هەر گوشارێكی دیكە، ئەگەر بەهای دۆلار دەستكاری نەكرێت”.

دەشڵێت: “ئەو 100 پەرلەمانتارە لە زۆربەی حیزبە سیاسییەكانن، داواشیان ئەوەیە بەهای دۆلار بۆ ئاستێك دابەزێت، كە بارگرانی سەر هاووڵاتییان كەمبێتەوە، نەك بیگەڕێننەوە بۆ ئاستی پێشووی”.

” پشووی یاسادانان پەسەندكردنی بودجە دوادەخات”

پەرلەمانتارێك ڕایدەگەیەنێت، پشووی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق پەسندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە دوادەخات.

عەباس زاملی پەرلەمانتاری عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حكومەتی عێراق سوورە لەسەر تەواوكردنی پرۆژەیاسای ‌بودجە بەخێراترین شێوە، بۆ ئەوەی زوو بینێردرێتە پەڕلەمان بۆ پەسەندكردنی.

زاملی ئاماژەی بەوە كردووە، پەڕلەمانی عێراق بۆ ماوەی مانگێك پشووی یاسادانانی خۆی وەردەگرێت، بەڵام دەكرێت لیژنەكان لەسەر كارەكانیان بەردەوامبن بۆ پێداچوونەوە بەو پرۆژانەی لە پەڕلەماندان.

پێشبینیش دەكات، حكومەت لەسەرەتای ساڵی داهاتوودا پڕۆژەیاسای ‌بودجە ڕەوانەی پەڕلەمان بكات و لایەنە سیاسییەكانیش دەیانەوێت دۆسێی بودجە لە چارەكی یەكەمی ساڵی داهاتوو دەنگی لەسەر بدرێت.

 

نرخی دۆلار دابەزی
پێت نرخی دۆلار دابەزی
ژیان لە بەریتانیا ئیفلیج دەبێت
دوات ژیان لە بەریتانیا ئیفلیج دەبێت
پەیوەنیدر