وەزیرانى دارایى و خوێندنى باڵا بۆ تاوتوێکردنى پرسى دارایى زانکۆکانى کوردستان کۆبونەوە و جەختیان کردەوە لەسەر ئاسانکارى بۆ دابەشکردنى پاڵپشتى دارایى خوێندکاران و قوتابیانى زانکۆکانى کوردستان.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ چوارشەممە ئارام محەمەد، سەردانى وەزارەتى دارایى کردو لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشوازی لێکرا و وەزیری خوێندنی باڵا راشیگەیاند، وەزیری دارایی پشتیوان و خەمخۆری بەردەوامی کەرتی خوێندنی باڵا بووە.
لەدیدارێکدا وەزیری دارایی ڕایگەیاند لە چوارساڵی ڕابردودا وەک وەزارەتی دارایی کاری باش و جدیمان بۆ بنیاتنانی ژێرخانی کەرتی خوێندنی باڵا لەسەرجەم شارو شارۆچکەکان کردووەو بەلامانەوە گرنگە ئەو کەرتە بەردەوام لەگەشەکردن و پێشکەوتندا بێت بۆ بنیاتنانی نەوەیەکی هۆشیارو داهێنەر بۆ هەرێمەکەمان.
هەروەها دکتۆر ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سوپاس و پێزانینی وەزارەت و دام و دەزگاکانی ئاڕاستەی وەزیری دارایی کرد کە لە ماوەی رابردودا پشتیوانێکی سەرەکی خوێندنی باڵا بووەو جێدەستی لە بەرەو پێشبردنی ئەو کەرتە دیارو بەرچاوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە لە کۆتایدا جەخت لەهەماهەنگی و هاوکاری بەردەوامی نێوان هەردوو وەزارەت کرایەوەو وەزیری دارایی ئامادەیی هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی دەربڕی بۆ کارئاسانی و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا.